کورد و داعش لە بەریتانیایش بەرەوڕووی یەکدی بوونەوە

شەفێڵد-KDP.INFO- لە شاری شەفێڵدی وڵاتی بەریتانیا پێکدادان لە نێوان ژمارەیەک لە ڕەوەندی کورد و ژمارەیەک عەرەب کە لە خۆپێشاندنێکدا کە بۆ پشتیوانی لە غەززە بوو، ئاڵای داعشیان بەرز کردبووەوە هاتە ئاراوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
سەرچاوەیەک لە شاری شەفێڵدی بەریتانیاوە بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند، "سەعات یەک بە کاتی بەریتانیا، خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە غەززە کە بە هۆی شەڕی لەگەڵ ئیسڕائیل دووچاری کارەساتی مرۆیی بووەتەوە، ساز درا، بەڵام لەپڕ چەند کەسێک لە نێو خۆپێشاندەرانەوە کە ئەوانیش عەرەب بوون، ئاڵای داعشیان بەرز کردەوە و دروشمی بژی و سەرکەوێ داعشیان دەگوتەوە."
ئەو ڕوونی کردەوە، لەو شوێنەی کە خۆپێشاندانی تێدا ساز دەدرا نزیک مزگەوتێک بوو بە ناوی (محەممەد) کە زۆرتر کوردانی ئەو ناوچەیە بۆ مەبەستی نوێژکردن ڕووی تێ دەکەن، کوردان بە بینینی دیمەنی بەرزکردنەوەی ئاڵای داعش لە لایەن هەندێکی خۆپێشاندەرانەوە، پەلاماری هەندێل لەو عەرەبانە دەدەن و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەبێ، بە نزیکبوونەوەی پۆلیسیش لێیان، ئەو عەرەبانەی کە ئاڵای داعشیان بەرز کربووەوە ڕاین کرد، تەنیا کوردەکان مانەوە و سێ گەنجی کورد بەو هۆیەوە دەستگیر کران، بەڵام دواتر پۆلیس ئازادی کردن.
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، "ئەگەرچی خۆپێشاندەران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ بۆردوومانی سەر کەرتی غەززەی فەلەستینی ڕژابوونە سەر شەقام، بەڵام پاش ڕووداوی بەشەڕهاتنی ژمارەیەک کورد لەگەڵ عەرەبە ئاڵاهەڵگرەکانی داعشدا، جەماوەرەکەی دی کە عەرەبی فەلەستینی بوون، داوای لێبووردنیان لەو کوردانە کردووە و پێیان گوتوون کە ئەوان لەو کەسانە بێبەرین و شتێکیان لەبارەوە نازانن."
سەرکەوت حەسەن




