بێلگراد.. لاوانی ئەورووپا بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و ئاوارەكانی شنگال گرد بوونەوە

بێلگراد-kdp.info- لەسەر داوای نوێنەرایەتیی دەرەوەی لاوانی كوردستان، كۆبوونەوەی ساڵانەی سەركردایەتیی لاوانی ئەورووپا لە شاری بێلگراد دەستی پێ كرد و بۆ پشتیوانیی پێشمەرگە و ئاوارەكانی شنگالیش، گرد بوونەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا لاوانی كوردستان داوایان لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی لاوانی ئەورووپا كرد كە هانی وڵاتەكانی خۆیان بدەن بۆ پشتگیری لە گەلی كورد و ئاوارەكانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق پێشان بدەن كە لە ئەنجامی هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ماڵ و حاڵی خۆیان جی هێشتووە .
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی لاوانی جیهان و نوێنەری دەرەوەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان (فەلاح حەسەن) كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدارە بە (kdp.info)ـی ڕاگەیاند، "لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژە بە كوشتن و دەستدرێژیكردنە سەر كوردانی ئێزدی كرا لەلایەن چەكدارانی داعش و تیشك خرایە سەر دەربەدەربوونیان بۆ نێو چیاكانی شنگال و گیانلەدەستدانی چەندین پیر و منداڵ لە بێخۆراكی و بێئاوی، بۆیە سەركردایەتیی لاوانی ئەورووپا دوای یەك لە كۆبوونەوەكان گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجام دا و بە نامەیەكی فەرمی داوایان لە وڵاتانی ئەورووپا كرد پشتگیریی ئاوارەكانی عێراق بكەن بە تایبەتی كوردانی ئێزدی و كریستیان و شەبەك و تەواوی ئەو هاووڵاتیانەی كە لە ئەنجامی هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش نەهامەتی و زەحمەتیی زۆریان بینی.
پشتگیریی خۆیشیان بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و سوپاسی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە قارەمانانە شەڕی تیرۆر دەكەن بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی و ئازادیی ئایینی و نەتەوەیی.




