داعش لە گۆشەگیربووندایە.. وەزارەتی پێشمەرگە: زیانی زۆری گیانی و ماڵی بە داعش گەیەنراوە

هەولێر-KDP.INFo- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، زیانی زۆری گیانی و ماڵی بەر داعش و مۆڵگەكانیان كەوتووە و لە لاوازبوونی بەردەوام و گۆشەگیربووندان. دەشڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە سات لە دوای سات بەپێی پلان و تاكیكە سەربازییەكانیان گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر هێزەكانی داعش.
ئەمەیش دەقی بەیاننامەكەیە:
وەك هەڵوێستی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی رەوشی سەربازیی ئێستا لە سەرجەم میحوەرەكان، رایدەگەیەنین كە بە شێوەیەكی گشتی رەوشەكە بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنیدا دەڕوات. بارودۆخەكە لەڕووی سیاسییەوە بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی و تا دێت پاڵپشتیی وڵاتان بۆ پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە و بە كردەوە هاوكارییە سەربازییەكان بەرەو پێش دەڕۆن و ئەمەیش هێزێكی باشتری داوەتە پتەوی و بەرگرییەكانی پێشمەرگە و پێشڕەوییە بەردەوامەكانی پێشمەرگە.
لەلایەكی تریشەوە هەوڵە سەربازی و فریاگوزارییەكان بۆ چارەسەری رەوشی پەناگیرانی چیای شنگال تا دێت زیاتر و فراوانتر دەبێت و چاوەڕوانین لە كاتێكی كەمدا كۆتایی بەو كارەساتە مرۆییە بێت.
سەبارەت بە رەوشی مەیدانیی میحوەرەكانی پێشمەرگە، هێزەكانمان لەوپەڕی خۆڕاگری و ئامادەباشیدان بە پێی پلان و تاكتیكی سەربازیی زۆر بە توندی رووبەڕووی هێرش و پەلامارەكانی داعش بوونەتەوە و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بەردەوامە.
لە چەندین بەرەوە دەیان هێرش و پەلاماری داعش لە بەردەم وەڵام و زەبری بەهێزی پێشمەرگەكانی كوردستاندا تێك شكێنراون و لە مەیدانەكانی شەڕدا بە دەیان كوژراو بریندار و زیانی زۆری گیانی و ماددی بەر داعش و مۆڵگەكانیان كەوتووە، چەندان چەكداریان بەدیل گیراوە و ژمارەیەك لە لاشەی كوژراوەكانیان و بریندارەكانیان كەوتوونەتە دەستی پێشمەرگە.
بەپێی رووداوە مەیدانییەكان و سەرچاوە هەواڵگرییەكانمان شپرزەییەكی زۆر كەوتووەتە ناو هێزەكانی داعشەوە و بۆ شاردنەوەی ورەی رووخاویان لێرە و لەوێ پەنا بۆ پەلامار دەبەن تا ئیسپاتی وجودی خۆیان بكەن، لەلایەكی تریشەوە لە زۆربەی ئەو گوند و شوێنانەی بەدەستیانەوەیە بە جۆرەها شێوە كەوتوونەتە پاڵەپەستۆخستنەسەر خەڵك تا هاوكارییان بكەن.
بە گشتی لە رووی سیاسی و سەربازی و لۆجیستی و ئیدارییەوە داعش لە لاوازبوونی بەردەوام و گۆشەگیربووندایە، هێزەكانی پێشمەرگە سات لە دوای سات بەپێی پلان و تاكیكە سەربازییەكانیان گوشاری زیاتریان خستووەتە سەر هێزەكانی داعش و لە بەرگریی قارەمانانە و پێشڕەویی بەردەوامدان.




