٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامانە سرووشتییەکان بۆ کۆمپانیاکان: بڕیاری یەکلایەنە نەدەن.. هەناردە و فرۆشتنی نەوت بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایدەگەیەنێت کە، بەردەوامە لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جیهان و پێشوازی لە پشتگیری و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستاندا. دەشڵیت، هێشتا دوژمن نەیتوانیوە چالاکییەکانی نەوت لە هەرێمدا بکاتە ئامانج، بەڵام وەک ڕێوشوێنێکی ئامادەباشی، هەندێک لە چالاکییەکانی بەدواداگەڕان لەو ناوچانەدا کە نزیکن لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ بە شێوەیەکی کاتی وەستاون و کارمەندانیش گوازراونەتەوە.

دەقی لێدوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان:

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگاکانی ئاساییشی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە بارودۆخی ئاساییش لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام هەموو زانیاریە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ بەڵێندەرەکانیدا هاوبەشی پێ دەکات.

تاکو ئێستا، دوژمن نەیتوانیوە چالاکیەکانی نەوت لە هەرێمدا بکاتە ئامانج، بەڵام وەک رێوشوێنێکی ئامادەباشی، هەندێک لە چالاکییەکانی بەدواداگەڕان لەو ناوچانەدا کە نزیکن لە ئەگەری روودانی شەڕ بەشێوەیەکی کاتی وەستاون و کارمەندانیش گوازراونەتەوە.

بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمدا کاری تێنەکراوە و بەردەوام بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەنێردرێت. لە راستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕواندەکات کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەرهەمهێنانیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاد بکەن لە کاتێکدا بەرەپێشچوونەکانی ژێرخانی هەناردەکردن تەواو دەبێت هەروەک نەخشەی بۆ داڕیژرابوو.

کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەردەوام پشکی خۆیان لە بەرهەم و داهاتی هەموو بەکارهێنانەکانی ناوخۆی نەوت وەردەگرن و، هەروەها ئامۆژگارییش کراون کار بکەن لەسەر فرۆشی بڕەکانی هەناردەکردن بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆیان لە نەوتی هەناردەکراو.

لە هەمان کاتدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بیری کۆمپانیا کارکەرەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە کە هیچ هەنگاوێک نەنێن بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزیی ناپێویست و لە هەندێ حاڵەتدا زیان بە بەرژەوەندیی کۆمپانیا کارکەرەکان و پێویستییە گشتییەکانی هەرێم بگەیەنێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەردەوامە لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جیهان و پێشوازی لە پشتگیری و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار