وڵاتانی جیهان لە بەگژداچوونەوەی تیرۆریستاندا هاوكاریی هەرێم دەکەن

هەولێر-KDP.INFo- لە كۆبوونەوەی نێوان كۆنسووڵگەریی وڵاتان و پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، شەڕی داعش تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو ئاساییشی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە. كۆنسووڵگەریی وڵاتانی جیهانیش جەختیان كردەوە كە، لە بەگژداچوونەوەی تیرۆریستاندا هاوكاریی هەرێم دەكەن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 9ـی ئاب، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد سادق)، بە ئامادەبوونی سكرتێری پەرلەمان (فەخرەددین قادر)، پێشوازییان لە كۆنسووڵ و نوێنەری زیاتر لە بیست وڵات لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوای بەخێرهاتن، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تیشكێكی خێرای خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و گۆڕانكارییەكان و شەڕی دژەتیرۆر و ڕەوشی ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق.
لە سەرەتای وتەكانیدا سەرۆكی پەرلەمان باسی لە هەوڵەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد لەگەڵ ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە مرۆییەكانی تر بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارە ئێزدییەكانی شنگال و مووسڵ، چونكە ژیانیان لە مەترسیدایە.
لەبارەی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تیرۆریستانیشەوە، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی، "ئەم شەڕە تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو ئاساییشی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش دەخاتە مەترسییەوە، چونكە داعش شێوازێكی نوێی توندوتیژییە و تیرۆریش هیچ سنووریكی نییە، بۆیە پێویستە وڵاتانی دونیا لەم شەڕەدا هاوكارمان بن".
سوپاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی تریشی كرد كە پشتیوانییان بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەربڕیوە.
لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆنسووڵی وڵاتان گوتی، "لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان بەرەوپێشچوونیان بەخۆیەوە بینیوە و لە چەند ئاستێكدا هاوكاری و هەماهەنگی هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێ لە دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستاش ناتوانن لەم واقیعە نوێیە بگەن، هەر بۆیە دەیانەوێت بە عەقڵییەتی كۆن و مەركەزیی جارانەوە حكومڕانیی عێراق بكەن، بۆیە ئەمەش هۆكاری سەرەكی بەشێك لە كێشەكانە".
ئاماژەیشی دا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق ماوەی 7 مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، ئەمەیش بووەتە بارگرانییەكی زۆر بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.
لەبارەی پرسی دەستووریی هەرێمی كوردستانیشەوە، سەرۆكی پەرلەمان گوتی، "هەمو فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆكن لەسەر پێداچوونەوە و هەمواركردنی دەستوور، لە داهاتوودا دەستوور یەكێك دەبێت لە كارە سەرەكییەكانمان، چونكە دەمانەوێت مافی كەمە نەتەوەكانی توركمان و عەرەب و ئێزدی و مەسیحی، دوای گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان لەو دەستوورە نوێیەدا بچەسپێنین".
دواتریش كۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك پێشنیاز و سەرنج و تێبینییان لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كورستان بۆ سەرۆكی پەرلەمان خستە ڕوو، ئاماژەیان بەوەش دا كە هەرێمی كوردستان لە كەشێكی ئارامدایە و ڕۆژانە كاروباری ئاسایی خۆیان بەڕێ دەكەن، لە نزیكیشەوە جاودێریی بارودۆخەكە دەكەن و هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا.
دوای كۆبوونەكەیش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ كۆنسووڵی وڵاتان بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران خستە ڕوو.
لە لایەكی دیكەشەوە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) بۆ KDP.infoگوتی، "پێشتر لە كۆبوونەوەی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و سەرۆك لیژنەكاندا چەند بڕیارێك دران، ئەوەیش بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان و ئامادەكاری بۆ ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پەرلەمان و بەدواداچوونی لیژنەكانی تایبەتمەند بەو پرسە، دواتر پەیوەندیكردن بە سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوەیان لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و كوردستان بدرێتێ، لە هەمان كاتدا دیدارێك لەگەڵ نوێنەر و كۆنسووڵگەریی وڵاتان لە هەولێر ئەنجام درا و دڵنیایی درایە ئەوان كە هیچ مەترسییەك لەسەر ئاساییشی هەرێمی كوردستان نییە، هەرێمی كوردستان ئەو هێڵەی بۆی دانراوە نابەزێنرێت".
گوتیشی، "یەكێك لە ئامانجی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەسەر ڕەوشی كوردستان و ئاگاداركردنەوەیان لە دواپێشهاتەكان، لە هەمان كاتدا دڵنیاكردنەوەیان لە ئارامی و سەقامگیریی كوردستان، ئەركێكی دیكەی ئەوان لەم قۆناخەدا ئاگاداركردنەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و جیهانە لە مەترسیی كۆمەڵكوژیی ئێًزدییەكان و بەهاناوەچوونیان، خاڵێكی دیكە داواكردنە لە وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی هاوكاریی لێقەوماوان بكرێت، چونكە بەشێك لە هاوكارییەكان لە توانای حكوومەتی هەرێم بەدەرن".




