قایمقامی شنگال: 10هەزار کەس ڕزگار کراون.. بۆ گوازتنەوەیان پێویستمان بە ئۆتۆمبێلە

شنگال-تایبەت KDP.INFO- قایمقامی قەزای شنگال دەڵێت، ڕزگارکردنی ئاوارەکانی چیای شنگال بەردەوامە و تا ئێستایش ژمارەی ڕزگارکراوان گەیشتووەتە نزیکەی 10ھەزار کەس.
قایمقامی قەزای شنگال(مەیسەر حەجی ساڵح) بە kdp.infoی راگەیاند: "ماوەی چەند رۆژێکە ھێزی پێشمەرگە گەیشتوونەتە چیای شنگال و بەردەوامن لە ڕزگارکردنیان و رێگایان بۆ کراوەتەوە، کە لە سنووری سووریاوە ڕەوانەی قەزای زاخۆ دەکرێن، بەڵام داوا لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بە ئۆتۆمبێل لە سنووری سووریاوە بگەینینە زاخۆ، چونکە لەئێستادا پێویستمان بە ئۆتۆمبێل ھەیە، بە تایبەت ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر."
قایمقامی قەزای شنگال گوتیشی، ژمارەی ئاوارە ڕزگارکراوەکان تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 10ھەزار کەس و پرۆسەی ڕزگارکردنیشیان بەردەوامە.
(حەجی ساڵح) روونی کردەوە، "نەک تەنیا ئاوارەکانی چیا، بەڵکو ئاوارەکانی ناو شنگال و دەوروبەریش وەکو بارمتە وان و بارودۆخیان زۆر خراپە."
بڵندئیبراھیم




