ئیتالیا: بارزانی ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات.. ئێمە لە هاوکاریتان درێخی ناکەین

هەولێر-KDP.INFO- لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد كە سەرپەرشتی و ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات و سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان. هاوکات، پەرۆشیی و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە هەرچی لە دەستیان بێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردستان درێخی ناكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 8ـی 8ـی 2014 لەڕێی تەلەفۆنەوە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا(فێدێریكا مۆگێرینی) پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد كە سەرپەرشتی و ڕابەرایەتیی شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆریستیی جیهان دەكات و سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا پەرۆشیی و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە هەرچی لە دەستیان بێت بۆ پاڵپشتیكردنی كوردستان درێخی ناكەن. وەزیری دەرەوەی ئیتالیا وێڕای گەیاندنی سڵاوی سەرۆكوەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەی دا كە لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی وڵاتەكەیان لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوام دان بۆ ئەوەی بتوانن شێوازێك بدۆزنەوە كە لە ڕووی سەربازی و مەدەنییەوە هاوكاریی خەڵكی كوردستان بكەن.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد و ڕایگەیاند كە بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە كاتە سەختەكاندا دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە. هەروەها (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ئەمەریكا و فەڕەنسا و ئیتالیا و هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات، بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیا گوت كە، بەرچاومان ڕوونە و كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین و گەلی كوردستان سوپاسی هەر وڵاتێك دەكات یارمەتیی بدات و هاوكاریی وڵاتان هەبێت یان نا كوردستان لە شەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت.




