زێباری: دەبێ سیاسییەکانی بەغدا واز لە بەرژەوەندیی تەسک بێنن.. حوسێن: هاوسەنگیی هێز بە کردەیی لە بەرژەوەندیی کورد دەگۆڕی

هەولێر-KDP.INFO- وەزیری دەرەوەی عێراق(هۆشیار زێباری) ڕایگەیاند، دوو یەکەی گەورەی سەربازیی داعش بە تەواوی وێران کراون و ئەم دوانیوەڕۆیەش لە خازر، هەروەها لە شنگال هێرش بەرپا کراوە. گوتیشی "ئێمە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکەین و دەبێ بزانرێ کە داعش زۆر لە قاعیدە بەهێزتر و شارەزاترن." دەربارەی پلانی پاش بۆردوومانی ئاسمانیی لە لایەن ئەمەریکاوە، (فواد حوسێن) گوتی "لە دوای هێرشی ئاسمانییەوە قۆناخی ستراتیژی دەست پێ دەکات و مەبەست لێی کۆنترۆڵکردنەوەی شوێنەکانی پێشووە کە پێشمەرگە لێی جێگیر بووە و قۆناخی دواتریش، تێکشکامندن و دەرپەڕاندنی داعشە لە ناوچەکە."
(زێباری) لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە سەعات 8.30 خولەکی ئەمشەو ساز درا، سەرەتا هەڵوێستی سەرۆک و ئەمەریکای کرد لە بڕیاردان لە هاوکاریی ئاسمانیی بۆ ناوچەکە بەرز نرخاند و گوتی، "ئێمە لێرە تیمێکی سوپای ئەمەریکامان لەگەڵە و لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕاوێژدایە. بەمەیش ورەی پێشمەرگە تەواو لە بەرزبوونەوەدایە و لە هەوڵ داین ئەو شوێنانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتوون، کۆنترۆڵ بکەینەوە، بۆ ئەمەیش پێویستمان بە چەک و تەقەمەنی هەیە."
زیاتر گوتی "ئێمە داوای هێزی سەربازیی ئەمەریکامان نەکردووە تا بێن شەڕمان بۆ بکەن، بەڵکو هاوکارییەکە تەنیا ئاسمانییە و هەوڵەکانیشیان کاریگەریی باش و ئەرێنیی هەبووە لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا."
(زێباری) لەبارەی ئەوەی کە تورکیا هاوکاریی ئاسمانی هەرێمی کردووە، گوتی "هیچ فڕۆکەی تورکیایی لەو شەڕەدا بەشدار نەبوون و جگە لە ئەمەریکا نەمانزانیوە فڕۆکەی هیچ وڵاتی دی بۆ هاوکاریی پێشمەرگە لەم شەڕەی تیرۆردا بەشدار بووبێ."
ئەو گوتی "ئەم جەنگە زۆر جیاوازە.. چونکە داعش زۆر لە ڕێکخراوی قاعیدە جیاوازتر و بەهێزتر و شارەزاترن و بە چەکی نوێتر و ستراتیژی شەڕی زۆر جیاوازتر هاتوونەتە ناوچەکە و ئێمە لێرە بینیومانن.. جاری وا هەیە بە سێ هەمەرەوە خۆکوژانە هیرش دەکەنە سەر شوێنی هەستیار و بەو هۆیەشەوەیە کە لە هەندێ شوێن بەرانبەر بە پێشمەرگە هاتوونەتە پێشەوە، شەڕی ئەوان جیاوزترە و هەمیشە لە جووڵەی بەردەوامدان."
(هۆشیار زێباری) زیاتر لە بارەی داعش و تواناکانیانەوە گوتی، "ئەوان هێزێکن زۆر باش ڕاهێنراون و چەکی نوێ و سەردەمییان پێیە. بۆیە ئەوان مەترسیی گەورەیان بۆ سەر هەموو عێراق دروست کردووە.. ئەوان ئامانجیان دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیی بەرفراوانە و داوامان لە هەوو لایەک کردووە لەو شەڕەی دژ بەو ڕێکخراوە هاوکارمان بن."
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها دەڵێت، "داعش لە سووریا و شوێنی دیکەیشەوە چەکدار بۆ شەڕکردن لەگەڵ پێشمەرگە دەهێنێتە ناوچەکە و چەکی پێشکەوتووویان هەیە. ناشتوانین ئەو چەک و تەقەمەنییە دەستی پێشمەرگە بەراورد بکەین. ەبڵام سەرباری ئەوەیش نیشانمان داوە کە هێزەکانی پێشمەرگە خۆڕاگرانە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە. داعش هەمیشە لە جووڵەدایە و هێزێک نییە لە شوێنێکی دیاریکراو شەڕمان لەگەڵدا بکات، سەرباری ئەوەیش پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە. ئەوەیشی کە ئێزدییەکان دووچاری بوونەتەوە بە دەستی زۆردارانەی داعش بووە و پێویستە بیانگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان."
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان(فواد حوسێن)، ڕایگەیاند "سنوورمان لەگەڵ داعش 1035 کیلۆمەترە و بە درێژایی ئەو سنوورە پێشمەرگە بەرەوڕووی داعش بووەتەوە، بەڵام داعش دواتر ستراتیژی شەڕیان گۆڕی و تەرکیزیان خستە سەر هەولێر."
(فواد حوسێن) گوتی "لەو شەڕەی کە، لە مانگی شەشەوە دەستی پێ کردووە، هێزەکانی پێشمەرگە بەرگریی ئازایانەی کردووە و تێیدا 150 شەهیدمان هەیە و زیاتر لە 500 بریندارمان هەیە."
ئەو ئاشکرایشی کرد کە، تیرۆریستان داوایان لە هەزاران تیرۆریستی دیکە کردووە تا لە سووریاوە بەرەو مووسڵ بێن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کە لێرە هێزیان کەم بووە و نیازی گەورەتریشیان هەیە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هاوکات سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەمەریکایشی کرد لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوکات بۆ هاوکاریی مرۆیی برا ئێزدییەکان لەو مەرگەساتەی چەند ڕۆژە تێیدان.
(حوسێن) هەروەها سوپاسی عێراق و ئێران و تورکیا و تایبەت فەڕەنسای کرد بۆ دەربڕینی پشتیوانییان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
پێوەست بەو دەربڕینی پشتیوانی و هاوکارییە نێودەوڵەتییە،(حوسێن) گوتی، "پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناخێک کە ئەگەر بەرەوڕووی مەترسی ببینەوە، دنیا لەسەرمان دێتە وەڵام و جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پشووتردا هەیە کە هەمیشە دەگوترا کەس دۆستی نییە."
هاوکات ڕایگەیاند کە، "ئامانجی تیرۆریستان شوێنی هەستیار بوو، ئەم بەیانییە شکستیان بردووە، ڕاستە هێزی پێشمەرگە لە هەندێ شوێن ڕەنگە پاشەکشە هەبووبێ، بەڵام بەرگریی بویڕانەیان کردووە، لە بەرانبەردا هێزەکانی داعش بە چەکی عێراقەوە و بە پارەیەکی زۆرەوە بەرەوڕووی ئیمکاناتی سادە بووەتەوە."
گوتیشی "دڵنیایین لە ڕۆژانی داهاتوو، پێشمەرگە شوێنی خۆی دەگرێتەوە و داعش ناتوانێ لەو خاکەدا بمێنێتەوە، بە ڕێکخستنەکانماندا دەچینەوە و ئەو شوێنانە دەگرینەوە دواتر پێویستە شوێنی مەسیحییەکان و برائێزدییەکان بچنەوە شوێنی خۆیان."
(حوسێن) جەختیشی کردەوە، "هاوسەنگیی هێز و سەربازی بە کردەیی لە بەرژەوەندیی کورد دەگۆڕی."
پێوەست بە گۆڕانی هەڵوێستی هەرێم سەبارەت بەو ئاوارە عەرەبانەی ڕوویان لە ناوچەکانی هەرێم کردووە گوتی، "دەرگاکانی کوردستان بەردەوام بە ڕووی ئاوارەکاندا کراوە بوون کە ستەمیان لێ کراوە و بەردەوام شانازیمان بە فرەیی کۆمەڵگەی کوردستانییەوە کردووە."
زیاتر ڕوونی کردەوە، "ئێستا نزیکەی ملیۆنێک 200هەزار ئاوارە لێرەن و وەک کۆمەڵگەی خۆمان ئەوانیش دەپارێزین، بەڵام بە داخەوە هەندێ گەنجی نێو ئەو ئاوارانەی کە لە هەرێمی کوردستانن، لە ڕێی فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئاشکرا پشتیوانییان بۆ داعش نیشان داوە و ئەمەیش وای کرد کە هەڵوەستە بکەین و ئەوەیشی کە بە ئاشکرا پشتیوانیی لە داعش بکات بەرەوڕووی ئیسا دەبێتەوە."
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا (زێباری)، پێوەست بە شێواز و چۆنیەتیی هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا ڕوونی کردەوە، "هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بە تایبەت لە بواری پشتیوانیی ئاسمانی، هەروەها هاریکارییە سەربازییەکانیش لە بەغداوە بە فڕۆکەی جەنگی دەگەنە هەولێر، چونکە ئەمە هەڕەشەی ڕاستینەیە و ئەو مەترسییەیشی داعش دروستی کردووە وای کرد هەماهەنگی هەبێ."
ئاماژەیشی دا "هێرشی ئاسمانیی ئەمەریکا پاش ئەوە بوو کە بە وردی لێکۆڵینەوە و دانوستان کرا، ئەمەریکاییەکان دەستیان بە هێرشەکانیان کردووە تا مۆڕاڵی تیرۆریستان بشکێنن و بڕیارێکی گەورە و دداننانە بەو هەڕەشەیەی کە هەیە.. ئەوان تەنیا هەڕەشە نین بەسەر کەمینەکانەوە بەڵکو هەڕەشەن بەسەر کۆی کۆمەڵگەکانەوە."
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونی کردەوە، "پێشمەرگە هێزی پاسەوانی سنووری کوردستانە و سەر بە سوپای عێراقە، بەڵام بە هۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نیوان هەولێر و بەغداوە هیچ هاوکارییەک بە پێشمەرگە نەگەیشتووە، بەڵام ئەمە ڕابردووە، هەڵبەت ئێستا سوپا و پێشمەرگە لە هەمان سەنگەرن"، زیاتر گوتی "پێویستە درک بەو ڕاستییە بکرێ کە ئێستا داعش لە نزیک بەغدایە و دەبێ سیاسییەکان لە بەغدا لەوە تێ بگەن کە پێویستە دەستبەرداری سیاسەت و بەرژەوەندیی تەسک ببن."
سەرکەوت حەسەن




