پەرلەمان: تاوانەکانی دژ بە خوشک و برا ئێزیدییەکان جینۆسایدە

هەولێر-KDP.INFO- پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا لیژنەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری لە مافەکانی ئافرەت ڕابسپێرێت بۆ بەدواداچوون و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو تاوانەی دەرهەق بەو پێکهاتانە ئەنجام دراون، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بە خوشک و برا ئێزیدییەکان لە شنگال، "چونکە پێمان وایە ئەم تاوانانە دەچنە خانەی جینۆسایدەوە." پەرلەمان داوایش لە خەڵکی کوردستان دەکات نەکەونە پەرچەکرداری نەخوازراو دژ بە ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە هەمیشە هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیان و لێبوردن بووە و دەبێت.
لە بەیاننامەیەکیدا کە دانەیەکی بۆ KDP.INFOنێردراوە، هەروەها داوا لە سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و، ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت باشتر ڕووبەرووی هێزە تیرۆریستەکان ببێتەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
ئەمڕۆ 8-8-2014 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەما ن و تەواوی سەرۆک فراکسێۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان کۆ بوویەوە، بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوەکان و هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن پێشتریش سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندارەکان سەردانی ئاوارەکانی کرد و کۆمەک و هاوکاری بۆ ناردن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییە، کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە بەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکاندا هاتووە، وەک مەسیحی و شەبەک و تورکمان و بەتایبەیش خوشک و برا ئێزیدییەکان لە ناوچەی شنگال. بۆیە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا لیژنەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری لە مافەکانی ئافرەت ڕابسپێرێت بۆ بەدواداچوون و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو تاوانەی دەرهەق بەو پێکهاتانە ئەنجام دراون، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بە خوشک و برا ئێزیدییەکان لە شنگال. چونکە پێمان وایە ئەم تاوانانە دەچنە خانەی جینۆسایدەوە. هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری دا لیژنەکانی پێشمەرگە وناوخۆ بەدواداچوونی جیددی بکەن بۆ دۆخی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی پەرلەمان لەم بارەیەوە. لەلایەکی دییەوە پەرلەمانی کوردستان لیژنەکانی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان و دەستپاکی راسپارد بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی پێشمەرگە. بە هەمان شێوە لیژنەی تەندروستی و ژینگە راسپێردران بەدوداچوون بۆ کێشە تەندروستییەکانی پێشمەرگە و ئاوارەکان بکات.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنین گەلی کوردستان چۆن لە ڕابردوودا پلانی دوژمنانی تێک شکاندووە، لە ئێستایشدا پلانی تیرۆریستان تێک دەشکێنێت، هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە گەلی کوردستان دەکەین بە هەمو پێکهاتە و هێزە سیاسییەکانییەوە، یەکدەنگ و یەکریز بن لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری تیرۆریستان و، بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانە ببنەوە. دڵنیا بن سەردەکەوین و دوژمنان و تیرۆریستانیش تێک دەشکێنرێن. داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەین نەکەونە پەرچەکرداری نەخوازراو دژ بە ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە هەمیشە هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیان و لێبوردن بووە و دەبێت.
داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تریش ئەکەین، هەرچی زووە وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی هاوکاریی ئاوارەکان بکەن کە ژمارەیان یەک ملیۆنی تێپەراندووە. پەرلەمانی کوردستان وێڕای سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەمەوە هاتن و پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژەتیرۆردا، بەڵام چاوەڕێیش ئەکەین، نیگەرانییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان، ببنە هەنگاوی کرداریی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستەکان، چونکە ئەم گرووپانە بە تەنییا مەترسی نین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە هەمان شێوە ئاشتی و ئارامی جیهان دەخەنە مەترسییەوە.
هەروەها داوا لە سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و، ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت باشتر ڕووبەرووی هێزە تیرۆریستەکان ببێتەوە.
هەمو خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچونی ڕووداوەکان و، ئامادەسازییش دەکەین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لەو بارەیەوە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمنی کوردستان
8-8-2014




