فازڵ میرانی: سەرفرازییە کە وامان کرد ئەمەریکا ببێتە شەریکی ڕاستینەی کورد.. 750 چەکداری ئێمە ئاوارەکانی چیای شنگالیان پاراستوون

شنگال-KDP.INFO- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی) ڕایگەیاند، "لە ڕۆژی یەکەمەوە هێزێکی تایبەتی پارتی لە چیای شنگال و لە نێو خەڵکە ئاوارەبووەکەدا ماونەتەوە و ڕۆڵی سەرەکییان لە پاراستن و هێشتنەوەی ئەواندا بینیووە."
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان هەروەها دەڵێت "بۆ کورد و پارتی بە تایبەت، سەرفرازییە کە وای کرد ئەمەریکا ببێتە شەرێکی ڕاستینەی ئێمە، لە کاتێکدا کە لایەنەکان و هێزەکانی دی نەیانتوانی ئەم کارە بکەن."
(میرانی) کە ئێستا لە سنووری شنگالە سەرپەرشتیی ئەو میحوەری شەڕە دەکات، کەمێک لەمەربەر بە "تەلەڤزیۆنی ڕووداو"-ی ڕاگەیاند، "750 چەکدارمان لە چیای شنگال هەبوون و بە درێژایی ئەو ماوەیە بۆ پشتیوانی لەوێ ماونەتەوە.. 5 ڕۆژیش لەمەوبەر چەند کەسی دیکەمان ناردوون."
(میرانی) هاوکات گوتی، "تا چارەنووسی ئەم ئاوارانە ڕۆشن نەبێ، پارتی ئاسوودە نابێ و لە هەوڵەکانیشی درێخی ناکات."
دەربارەی دۆخی ئاوارەکان و چۆنیەتیی دەربازکردنیان، ئەگەرچی بە هۆکاری ئەمنی کەمی درکاند، بەڵام ڕایگەیاند، "ئەو شوێنانەی کە مەترسییان لەسەرە بە هەوڵی هێزەکانمان نەبوایە، لە لایەکەوە بە ناردنی هێز و لە لایەکی دیکەوە بە ناردنی ئازوقە نەبوایە، دۆخەکە لە ئێستا خراپتر دەبوو.. تا ڕزگارکردنیشیان بە تەواوی، کە بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا 15 تا 16 کەسیان لێ دەرباز کراون، ناوەستین."
دەربارەی ئەو ڕۆڵەی یەپەگەیش کە باڵی سەربازیی پەیەدەیە و دەگوترێ ڕۆڵیان بووە لەو پرسەدا، ئەگەرچی نەیویست زۆر لەسەر ئەم پرسە بدوێ و لە ڕۆڵی هێیچ کەس کەم بکاتەوە، گوتی "بارستایی پارتی دیارە و دواتر و بە گەڕانەوەی خەڵک، دەردەکەوێ کە ئێمە لەم سنوورە چیمان کردووە."
دەربارەی ڕۆڵ و بڕیاری هاوکاریکردنی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، کە گوایە هاوکاریکردن بە مەرجی کشانەوەی پێشمەرگەیە بۆ سنوورەکانی بەر لە ڕووداوەکانی 10-ی حوزێران، (میرانی) وەها وەڵامی دایەوە، "بۆ کورد و پارتی بە تایبەت، سەرفرازییە کە وامان کرد ئەمەریکا ببێتە شەریکی ڕاستینەی ئێمە، لە کاتێکدا کە لایەنەکان و هێزەکانی دی نەیانتوانی ئەم کارە بکەن."
ئەو هاوکات سوپاسی ئەو بڕیارە بوێرانەیەی ئەمەریکا و فەڕەنسا بە تایبەت و هاوکات بەریتانیایشی کرد، کە نیشانیان داوە هاوپەیمانی کوردن.
سەرکەوت حەسەن




