حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی بەرگرین لە هەرێمی کوردستان

هەولێر-KDP.INFO- حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم ماوەیەدا هەرکام به جیا،هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەشداریی له بەرگری و شەڕی نیشتیمانی ڕاگەیاندووە و هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ هەینی، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆی نیشان دا و، پاراستنی ئەم دەسکەوتە گرینگەی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستانی بە ئەرکی خۆیان زانیوە، به هاتنی داعش و داگیرکردنی بەشێک له خاکی عێراق و مەترسیی گەورە بۆ سەر هەرێم، هەڵوێستی ڕوون و ئامادەبوونی خۆی بۆ هەرچەشنە هاوکاریی و هاوخەباتیی و بەشداریی له بەرخۆدان و پاراستنی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکیدا کە دانەیەکی بۆ KDP.INFOنێردراوە، بانگەوازیی هەموان دەکات که هێزەکانیان یەک بخەن و به دروستکردنی ئۆرگانێکی هاوبەشی سیاسی و پێشمەرگانه، یەکڕیزی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کوردستان له رۆژهەڵات، که داخوازیی هەمو گەلی کوردستانە و پێویستی بزووتنەوەکەیە، مسۆگەر بکەن و به هێز و وزەیەکی یەکگرتووانە، ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان به ئەنجام بگەیەنن.
هاوکاتبانگەوازی لاوانی تێکۆشەری رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات که، بۆ بەشداری لە بەرگری و بەرخۆدان له دژی داعش و پاراستنی هەرێمی کوردستان، بە ڕیزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بن و له ئامادەباشیدا بن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پارتی سەربەستیی کوردستان هێزێکی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگەکانی کوردستان ئامادە دەکات و ڕایدەگەیەنن کە، بۆ بەشداریکردن و پشتیوانیکردنی پێشمەرگەکانی کوردستان لە سەنگەرەکانی پارێزەری، هاوکات بە مەبەستی پاراستنی باشوری کوردستان لە تێروریستانی داعش و نەیارانی گەلەکەمان.
لە ڕاگەیەنراوێکیان کە دانەیەکی بۆ نێردرواوە، دەڵێن "بە خۆشییەوە بە دەیان کەس لە ئەندامان و هاوبیرانی پارتیمان لە باشوری کوردستان و دەرەوەی وڵات ئامادەییان پێشانداوە بۆ بەشداریکردنیان لەو هێزە تایبەتییە.
لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەوە داوا لە گشت ئەندامان و هاوبیران و دۆستانمان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین، کە ئەوانیش لەگەڵمان لە ( هێزی سەربەستی ) بەشداری بکەن. "
سەرکەوت حەسەن




