٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکا لە کۆبوونەوەدایە.. بۆ دەستتێوەردانی سەربازی و هاوکات گەیاندنی هاوکارییە بۆ چیای شنگال

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە ئێستادا، سەرۆکی ئەمەریکا(باراک ئۆباما) لەگەڵ سوپای وڵاتەکەیدا لە چۆنیەتیی دەستتێوەردانی سەربازی لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە و هاوکات وەزارەتی بەرگرییش(پێنتاگۆن) لە هەوڵی گەیاندنی هاوکاریی مرۆییە بۆ ئاوارکانی چیای شنگال.

گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(پێنتاگۆن) دواڕەوشی دۆخی شەڕ لە عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشی خستووە بەر باس و لە کۆبوونەوەدایە، تا میکانیزمی پێویست لە دەستتێوەردانی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا دابڕێژن و دوابڕیار لەم بارەیەوە بدەن.

کەمێک پێش ئێستایش گوتەبێژ بە ناوی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند، ئەمەریکا هەوڵ دەدات خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە مەترسیی تیرۆر ڕزگار بکات.

ئەو گوتەبێژە گوتیشی کە لە ئێستادا، هاوکاری و ڕاوێژی سەربازی لە نێوان شارەزایانی وڵاتەکەی و عێراق و هەرێمی کوردستاندا درێژەی هەیە.

گەورەبەرپرسێکی ئەمەریکاییش بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی پردێکی پیوەندیی ئاسمانی، بۆ هاوکاریی کورد و هێزەکانی عێراق دروست بکات، جەختیشی کردووەتەوە، هاوکات ئیدارەی (ئۆباما) لە چۆنیەتیی هەبوونی هێزی سەربازیی ئەمەریکایی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکۆڵێتەوە، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت، ڕەنگە هاوکارییە سەربازییەکە لە بۆردوومانی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکادا کۆتایی پێ بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار