تەقینەوەیەكی تر كەركووكی هەژاند و قوربانییەكانی دوو تەقینەوەكەی تر بۆ11 شەهید و 52 بریندار بەرز بووەوە

كەركووك-KDP.info- لە پردی چوار كە دەكەوێتە باشووری شاری كەركووك تەقینەوەی سێیەم ڕووی دا كە بریتی بوو لە تەقینەوەی بۆمبێك كە زیانێكی زۆری ماددی بە شوێنەكە گەیاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، لە لایەكی ترەوە قوربانیی تەقینەوەكانی ئەمڕۆ بۆ(11) شەهید و(52) بریندار بەرز بووەوە و دوای ماوەیەكی كورتیش، داعش بەرپرسیارەتیی خۆی بەرامبەر تەقینەوەكانی كەركووك ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركووك بە KDP.infoڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەكی (تسعین)-ی شاری كەركووك تیرۆریستان حوسێنییەی(موشتەبا)یان كردە ئامانج، كە هێشتا تەواو نەكراوە و لە ژێر دروستكردندایە، بەڵام بەهۆی بێجێگەیی، ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی خەڵكی تەلەعفەری تێدا نیشتەجێ بووە، دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو تەقینەوە، لە ئەنجامدا و بەپێی دوائامار (11) شەهید و(52) برینداری لێكەوتەوە، زۆربەی بریندارەكانیش منداڵ و ئافرەتن."
زیاتر گوتی: "ئۆتۆمبیلەكان یەكێكیان لە جۆری(كۆستەر) و ئەویتریان(كرایسلەر) بووە."
شایانی باسە داعش لە پەیجی تایبەتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بەرپرسیارەتیی خۆیان بەرامبەر ئەو كردەوە تیرۆریستییە ڕاگەیاند.
هیوا حوسێن ئەمین




