ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گەرەنتیی پاراستنی كوردستان دەدەن

هەولێر-KDP.INFO- بەپێی ئەو زانیارییەکان، ئەمەریكا بڕیاری داوە هەرێمی كوردستان بپارێزێت و چەند سەعاتی داهاتوویش خەڵكی كوردستان هەموو جۆرە هاوكارییەكی مرۆیی و سەربازیی ئەمەریكا دەبینێت.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كردووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جیئدی لەسەر رەوشی كوردستان و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) دژی باشووری كوردستان، دەوستن و گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان وڵاتاندا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتیی پاراستنی كوردستان لە هێرشەكانی داعش.
هەروەها بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەمەریكا بە كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی كوردستانیان راگەیاندووە كە ئاساییشی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە بۆ ئەمەریكا و بە هەموو شێوەیەك كوردستان دەپارێزن.
لەلایەكی دیكەوە وڵاتانی ئەورووپایی لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ حكوومەتی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە خەڵكی كوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ هاوكاری مرۆیی، خۆراك و ئاو لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكاوە دەگەیێندرێتە ئەو كوردە ئێزدییانەی پێنج رۆژە بەبێ خۆراك و ئاو لە چیای شنگالدان و تائێستا زیاتر لە 60 منداڵ و پیرەمێرد و پیرەژن لە برسان مردوون.
بەپێی قسەی شرۆڤەكارانی سیاسی، هاوكاریی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، گرینگیی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمەریكا نیشان دەدات.
هەروەها ئەمەریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكات، كە هێزی پێشمەرگە دەبێ بگەڕێتەوە هەموو ئەو شوێنانەی پێشتر لێی بووە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات.




