٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگه‌یاندراوێكی به‌ په‌له‌ و گرینگ له‌ ئاژانسی پاراستنی ئاساییشی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

 دوای ئەوەی تیرۆرستانی (داعش) هێرشێكی ناڕەوایان بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان دەست پێ كرد، پێشمەرگە ناچار بوون لە سەنگەرەكانی بەرگرییەوە بچنە قۆناغی هێرش بردن، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان و هاووڵاتییانی و تۆڵەسەندنەوە لەو ڕەفتارە نامرۆیی و دڕندانەی دوور لە ئەخلاق و بنەمای ئایینی ئەم گرووپە تیرۆریستییه، بە تایبەتی دەرهەق بە هاووڵاتیانی شنگال.‌

سوپاس بۆ‌ خوای گەورە و دەست و بازوی پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەو چەند رۆژەی رابردوودا سەركەوتنی بەرچاو تۆمار كراون و ورەی تیرۆریستان تێك شكاوە و نەخۆشخانەكانی مووسڵ پڕن لە كوژرا و بریندارەكانیان. 
بە هۆیەوە تیرۆریستان لە هەوڵدان كە شەڕێكی دەروونی بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان بەرپا بكەن و دەیانەوێت بەو رێگایەوە كاریگەری لەسەر ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە و خەلكی كوردستان دروست بكەن. 
بۆیە داواكارین لە كوردستانیان بە هەموو شێوەیەك و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پروپاگەندانە بكەن و نەكەونە ژێر كاریگەرییەكانی هەروەها لە هەمان كاتدا بەرپەچی ئەو پروپاگەندانە بدەنەوە و هاوكاری دەزگا ئەمنییەكان بكەن بە ناساندنی ئەو خەلكانەی كە بە بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەكان هەڵدەستن‌، بۆ ئەوەی رێكاری پێویستیان بەرامبەر وەربگیرێت، چونكە ئەمانە بەو پروپاگەندانەیان هاوكاریی دوژمنانی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەن. 
شەڕی تیرۆر شەڕی هەموو تاك و هاووڵاتییەكی كوردستانە، ئینجا خاون هەر باوەڕێكی ئایینی و سیاسی بێت هەروەها لەبەرئەوەی ئەمە پیلانێكی رێكخراوی دوژمنانی گەلی كوردستانە كە ناتوانن ئاساییش و ئارامیی كوردستان بە چاوی خۆیان ببینن، بۆیە هەر تاكێك ئەركی سەرشانیەتی رۆڵی پێشمەرگانە بگێڕێت و بە هوشیاری و ورەبەرزی گەلی كوردستان و یەكگرتوییمان ئەو هەرەشەیەش كۆتایی پێ بهێندرێت. هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەن و كۆتایی بەو شەڕە نەگریسە دەهێنن.
هەروەها ئەم تیرۆریستانەی تاوانیان دەرهەق بە هاووڵاتیانی كوردستان ئەنجام داوە لە هەر شوێنێك بن بە سزای خۆیان دەگەن. 
لە كۆتاییدا داوا لە هەموو میدیاكانی كوردستانیش دەكەین لەم بارەیەوە ئەو رۆڵەی كە لێیان چاوەڕوان دەكرێت بگێڕن.

هەواڵی پەیوەندیدار