٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی ناوخۆ هاووڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە: گوێ بە شەڕی دەروونیی دوژمن مەدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانهاونیشتیمانیانی لەوە دڵنیا دەكاتەوە كە دوژمن لاوازە و ورەی داتەپیوە و، ئەو هێزە و ژمارەیەی نییە بتوانێ هەڕەشە بۆ سەر شارەكان دروست بكات.هاوکات ڕایدەگەیەنێت، "پێویستە هەموو لایەكمان متمانەمان بە خۆمان و هێزی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاساییش هەبێت و كەس گوێ بە پڕۆپاگەندە و شەری دەروونیی دوژمن نەدات و بە دڵنیاییەوە سەركەوتنمان زۆر نزیكە."

 

ڕاگەیێندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

ئێستا كە كوردستان كەوتووەتە ژێر هێرشی تیرۆریستان و ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات، پشت بە خوای مەزن و هیمەت و خۆڕاگریی ئێوەی خۆشەویست و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان دوژمنان و ناحەزان تێكدەشكێن و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان دەبێت.

لەم بارودۆخەدا داوا لە گشت هاووڵاتییە بەڕێزەكان دەكەین ورەیان بەرز بێت و خۆڕاگر بن. دوژمن لە زۆربەی میحوەرەكانی جەنگدا گورزی كوشندەی بەر كەوتووە و لە پەلەقاژەدایە. هاونیشتیمانیانی بەڕێز لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دوژمن لاوازە و ورەی داتەپیوە و ئەو هێزە و ژمارەیەی نییە بتوانێ هەڕەشە بۆ سەر شارەكان دروست بكات.

پێویستە هەموو لایەكمان متمانەمان بە خۆمان و هێزی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاساییش هەبێت و كەس گوێ بە پڕۆپاگەندە و شەڕی دەروونیی دوژمن نەدات و بە دڵنیاییەوە سەركەوتنمان زۆر نزیكە.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

6ـی 8ـی 2014

 

هەواڵی پەیوەندیدار