٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دووھەزار ئافرەت بۆ چوونە بەرەکانی شەڕ و پێنجهەزار وەک برینپێچ و چوارهەزاریش بۆ خوێنبەخشین ئامادەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت KDP.INFO-  یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان لە ڕاگەیندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە، لە بارەی ئامادەکارییەکانی یەکیەتییەکەیانەوە بۆ بەشداریکردن لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە (2000) ئافرەت ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە وەک برا پێشمەرگەکانیان چەک ھەڵبگرن و بچنە سەنگەرەکانی بەرگری و زیاتر لە (5000) ئافرەتی دیکەیش، ئامادەن وەک برینپێچ بەشداری ئەم ئەرکە نیشتیمانییە بکەن و (4000) ئافرەتیش ناوی خۆیان بۆ خوێن بەخشین تۆمار کردووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

بۆ / ڕای گشتی خەڵکی کوردستان

سڵاوێکی دادوەرانە:

لە ژێر رۆشنایی پەیامی بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وداواکاریەکەی لەجەماوەری کوردستان کەھەرکەسەو بەپێی توانای خۆی ھاوکاری وپشتیوانی پێشکەشی بەپێشمەرگەی کوردستان بکات ھەروەھا وەک ھەڵوێستێک بەرامبەر خاک و نیشتیمان ، ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک ئەرکێکی سەرشانی خۆمان ڕابوین بە بڵاو کردنەوەی فۆرمی شێوازی بەشداریکردن لە بەرگری کردن لە خاکی کوردستان لە رێگای ناوەند و ئۆرگانەکانی خۆمانەوە لە سەرجەم ناوچە و دەڤەرەکان بۆ ئەندامانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ، پاش تەواو بوونی پرۆسەی پڕ کردنەوەو کۆکردنەوەی فۆرمەکان بە ئەنجامێکی چاوەڕوان کراو و دڵخۆشکەر گەیشتین ئەویش سەلماندنی ئەوەبوو کە تا چەند ئافرەتی کوردستان خودان گیانی خۆبەخت کردنە کە ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئافرەتی کورد ھەروەک چۆن داوای مافە تایبەتیەکانی خۆی دەکات و داوای یەکسانی لە ماف و دەرفەت دەکات بە ھەمان شێوەش لە ئاست ئەرکە نەتەوەییەکانی دا ئامادەیە و بە ھەموو توانای خۆی ئەنجامی دەدات.

تا ئێستا زیاتر لە (2000) ئافرەت ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە وەک برا پێشمەرگەکانیان چەک ھەڵبگرن و بچنە سەنگەرەکانی بەرگری و زیاتر لە (5000) ئافرەت ئامادەن وەک برینپێچ بەشداری ئەم ئەرکە نیشتیمانیە بکەن و (4000) ئافرەتیش ناوی خۆیان تۆمار کرد بۆ خوێن بەخشین، بەردەوامیش ئافرەتانی کوردستان بە دڵگەرمیەوە پەیوەندی بە ئۆرگانەکانمان دەکەن و پشتگیری خۆیان دووپات دەکەنەوە بۆ بەشداری کردن لەم پرۆسەیە، بۆیە ئێمە بە ناوی ئەو ئافرەتە نیشتیمان پەروەرانەوە ساز و ئامادەین بۆ بەشداری کردن لەم ئەرکە نیشتیمانیە و چاوەرێی ھەر ئەرک و فەرمانێکین کە لەم قۆناغەدا پێمان دەسپێردرێت.

ئەمەش نە یەکەم چالاکیمانە و نە دواین چالاکیشمان دەبێت ھەروەک مێژووی درەوشاوەی رێکخراوەکەمان سەلمێنەری ئەو راستیەیە و ئامانجی درووست بوونی رێکخراوەکەشمان گەواھیدەرە بۆ ئەم راستیە ئەویش گرێدانەوەی دوو جۆرە لە خەبات کە یەکێکیان خەبات کردنە بۆ مافی ئافرەت ئەوی تریش خەبات کردنە بۆ مافە نەتەوەییەکان کە ئەم دوو پرسەش تێکەڵکێش کراون لە درێژایی مێژووی رێکخراوەکەمان چونکە بڕوای ئێمە وایە کە ئازادی بۆ ئافرەتی کورد بەستراوەتەوە بە ئازادی نەتەوەکەی وە مافەکانی ئافرەت بەردەست نابن تەنھا لەو کاتە نەبێت کە نەتەوەکەی سەربەخۆ بێت و خاوەن بڕیاری خۆی بێت .

بژی کوردستان .. سەروەری بۆ شەھیدان . یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار