وەزارەتی پێشمەرگە: هێشتا ھەرێم و بەغدا، بۆ بە هاوبەشی شەڕکردنی داعش ڕێک نەکەوتوون

ھەولێر-تایبەت KDP.INFO- وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێشتا ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ شەڕی داعش نەکراوە، بەڵام بە نێوەندگیریی ئەمەریکا گفتوگۆ بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە. هاوکات سەرکەوتنەکانی هێزەکانی پێشمەرگەیش دەخاتە بەر باس.
بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ناوچەی شەلالات و بەنداوی مووسڵ و ناوچەی مەخموور شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش بەردەوام بوو، ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی بە دەست ھێناوە و چەکدارانی داعشیش تێکشکێندران و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون و برینداریشیان زۆرن."
(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) زیاتر گوتی، "ھێزی پێشمەرگە لە تەواوی ناوچەکان لە پێشڕەویدایە، بۆئەوەی تەواوی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە کە کەوتونەتە دەست چەکدارانی داعشەوە."
دەربارەی ئەگەری ڕێککەوتن لەپێناو هەماهەنگیکردن لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا، (عەمید ھەڵگورد حیکمەت) گوتی، "تاوەکو ئێستا ھیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەند بۆ ئەوەی بە ھاوبەشی شەڕی داعش بکەن نەکراوە، بەڵام گفتوگۆ بۆ ئەو مەبەستە بە نێوندگێریی ئەمەریکا بەردەوامە بۆئەوەی بتوانن بگەنە رێککەوتنێک."
(حیکمەت) زیاتر گوتی، "بۆئەوەی ھەرێم و بەغدا بە ھاوبەشی شەڕی داعش بکەن، پێویستە رێککەوتن لەسەر ئاستێکی باڵا بکرێت."
بڵندئیبراھیم




