٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای باڵای ئەیلوول: داعش لە رۆژەكانی كۆتایی نزیك بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول ڕایدەگەیەنێت، هەموو پێشمەرگەكانی ئەیلوول رێك خراونەتەوە و لە هەردوو بەرەی شنگال و مەخموور شانبەشانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان. دەشڵیت، داعش لە رۆژەكانی كۆتایی نزیك بوونەتەوە و بەم زووانەیش ئەم شەڕە یەكلا دەبێتەوە و بە سەركەوتنی كوردستان تەواو دەبێت.

بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول (قادر قادر) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "لەو رۆژەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی كردووە، هەموو پێشمەرگەكانی ئەیلوول رێك خراونەتەوە كە دەزگای باڵای ئەیلوول لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوە 11 لق و نوێنەرایەتیی هەیە و ئەم 11 لقەیش رێككەوتنیان لەگەڵ پەرپرسانی پێشمەرگە لە سنوورەكانی خۆیان كردووە، ئێستایش هێزەكانمان لە سنووری شنگال و دەڤەری مەخموورن، بەڵام هێزەكانی تری ئەیلوول جارێ لە ئامادەباشین و هیچ ئەركێكیان پێ نەسپێردراوە".

سەبارەت بە ئەزموون و شەڕی پارتیزانیی پێشمەرگەكانی ئەیلوول، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول گوتی، "پێشمەرگەكانی ئەیلوول خاوەنی ئەزموونی چەندین ساڵەی شەڕی بەرگری لە خاك و نیشتمانن و لە چۆنیەتیی خۆڕاگری و بەرگری و هێرشكردندا شارەزان".

سەبارەت بە بەشداریی پێشمەرگەكانی ئەیلوول لە هەردوو بەرەی شەڕی شنگال و مەخموور و بەشدارینەكردنیان لە بەرەكانی دیكە،  (قادر قادر) دەڵێت، "ئەو دوو شوێنە پێویستیان پێ بووە، ئەوانی تریش هەمووی ئامادەن و دەتوانرێت بە كەمتر لە دوو سێ سەعات هەموویان لە سنوورەكانی خۆیان شانبەشانی پێشمەرگە ئامادە بن".

گوتیشی، "دەزگای باڵای ئەیلوول لە ژێر گوشارێكی زۆری پێشمەرگەكانی ئەیلوولدایە و داواكارن بە خێرایی بچنە بەرەكانی شەڕ و بەشداری لە پاراستنی سنووری خاكی كوردستاندا بكەن و تا دواساتەكانی ژیانیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی خاكەكەیان تێبكۆشن، چونكە هەیانە زۆربەی خێزانەكەیان لە پێناو سەقامگیریی دۆخی ئەمنی و سەربەخۆیی كوردستاندا شەهید بوون".

(قادر قادر) ڕوونیشی دەكاتەوە، "چاوی یەكە بە یەكەی پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول ماچ دەكەین، دەزانین لە دڵ و دەروونێكی پاك و كوردانەوە گوشار دێنن، بەڵام بە راستی ئێمە ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ڕادەیەی كە پێویستمان بە هەموو ئەو دڵسۆزانەی كوردستان هەبێت".

بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول، وەكو شارەزایەكی سەربازی و شەڕی پارتیزانیی رۆژانی سەخت، تێڕوانینی خۆی لە بارەی شەڕی ئێستای هەرێمی كوردستان و چەكدارانی داعش خستە روو و گوتی، "من 52 ساڵ  و 4 رۆژە پێشمەرگەم بە بێ لادان لەم رێبازە پیرۆزەی (بارزانی)، بۆیە بە خوێندنەوەی من داعش لە رۆژەكانی نەمانیان نزیك بوونەتەوە و بەم زووانەش ئەم شەڕە یەكلایی دەبێتەوە و بە سەركەوتنی كورد و كوردستان تەواو دەبێت". 

لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای مووسڵ و چەند ناوچەیەكی تر لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، چەند جارێك شەڕ و پێكدادان لە نێوان پێشمەرگە و داعشدا رووی داوە و پێشمەرگەیش بە درێژایی 1050 كیلۆمەتری سنووری هەرێمی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكاندا جێگیر كراون.

فەرەیدوون ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار