٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەبار یاوەر: بە تەنیا و لە جیاتی هەموو دنیا شەڕی داعش دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە، هێزەکانی هەرێم بە تەنیا شەڕ لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن و پێشوازییش لە هەر هاوکاری و پشتیوانیێکی دەرەکی دەکات.

(جەبار یاوەر) بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند، "ئێمە لە ناوچەکەدا لە جیاتی هەموو دنیا دژایەتیی داعش دەکەین و شەڕی گەورەمان لەگەڵیدا بەرپا کردووە."

دەربارەی گەیاندنی هاوکارییش بە پێشمەرگە، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، "هێشتا هیچ هاوکاریێکی سەربازیمان پێ نەگەیشتووە، بەڵام نەک هەر تەنیا لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، بەڵکە پیشوازی لە پشتیوانی و هاوکارییەکی سەرجەم وڵاتانی دنیا دەکەین، چونکە باری ئەمنیی ناوچەکە مەترسیدارە، کارەساتی مرۆیی بەسەر هاووڵاتیانی کورد و برا مەسیحییەکانماندا هاتووە و ڕۆژانە بە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان لێیان دەکوژرێن."

ئەو پێوەست بە دۆخ و پلانی سەربازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێشتر لە دۆخی بەرگریدا بووین و هێڵی ئەمنیی هاوبەشمان لە نێوان ئێمە و حکوومەتی فیدراڵدا هەبوو، کە لە مووسڵەوە دڕێژ دەبووەوە و بە کەرکووکدا تێپەڕ دەبوو تا بە سەڵاحەددین و دیالە دەگەیشت و 1500کم درێژایی ئەو سنوورە بوو، لە دوای 10-ی حوزێرانەوە و کاتێک سوپا لە تکریت و مووسڵ و هەندێ ناوچەی کەرکووک و هیی دیکەیش پاشەکشەی کرد، لەو هێڵە ئەمنییەدا بە تەنیا ماینەوە."

زیاتر گوتی، "بڕیارمان دا کە ڕێ لە هەڕەشەکانی تیرۆریستان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگرین و هاووڵاتیانی بپارێزین، هەروەها بڕیارمان دا کە هێزەکانمان بەرەو هێچ ناوچەیەکی دیکەی دوور لە هێڵی ئەمنی پێشڕەوی نەکەن."

 

جەمال باکیر- سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار