٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوا دەكرێت بە زووترین كات هاوكاری بگەیەندرێتە شنگال.. ژمارەی ئاوارەكان بۆ 40 هەزار كەس بەرز بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراق هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ژمارەی ئاوارەكانی شنگال دەدات و، حكوومەتی هەرێمیش لە گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان بەردەوامە و داوای یارمەتی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات.

ئەم بەیانییە، ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی دا كە ڕێژەی ئاوارەكانی شنگال بۆ 40 هەزار كەس بەرز بووەتەوە و سەرجەمیان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لێ دەكرێت.

نوینەری حكوومەتی هەریمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ چۆنییەتی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بە هاووڵاتیانی ئاوارەی قەزای شنگال (د. دیندار زێباری) بۆ KDP.infoگوتی، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكانی شنگال، بەڵام دەبێت ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵەكانیان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی شنگال چڕ بكەنەوە".

گوتیشی، "ئێستا ژمارەیەكی زۆر خەڵكی شنگال و مووسڵ ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكوومەتی هەرێم بە تەنیا ناتوانێت بەو شێوە یارمەتیی ئاوارەكان بدات و دەبێت وڵاتانی دەرەوە و ڕێكخراوە جیهانییەكان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن."

کارزان هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار