پێشمەرگە گورزی گورچکبڕی لە داعش دا.. وردەکاریی پێشڕەویی ئەمڕۆی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جیاکانی مووسڵ

مووسڵ-تایبەت KDP.INFO- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە زیانی گەورەیان بە داعش گەیاندووە و توانیویانە چەندین شوێن کۆنترۆڵ بکەنەوە. سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاند، ئەم ئێوارەیە، پێشمەرگە وەڵامی چەند هێرشێکی داعشیان لە گۆگجەلیل، وەردە و گەڕەکی قاهیرەی مووسڵ دایەوە گورزی گورچکبڕیان لێ دان.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، سەعات ھەشتی بەیانی لە ناوچەی سادە و بەعوێزە لە تلکێف، گورزێکی بەھێزیان لە داعش داوە و بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون بریندار بوون و، لە لای زاڵگەی تەحریر کە دواخاڵی ھێزی پێشمەرگەیە لە مووسڵ، لە دوای نیوەڕۆە، شەڕ لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش دەستی پێ کرد و تاوەکو سەعات حەوتی ئێوارە بەردەوام بوو، لە ئاکامداھێزی پێشمەرگە توانییان حەوت چەکدار بکوژن و 12-ی دیکەیش بریندار بکەن."
(عیسمەت رەجەب) هاوکات گوتی: "لە سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی گۆگجەلیل، ھێزی پێشمەرگە ھێرشی کردە سەر زاڵگەکانی داعش و تێکیانشکاندن و زیانێکی زۆریان پێ گەیاندوون."
هاوکات سەرچاوەیەکیش بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گۆگجەلیل و وەردە و گەڕەکی قاهیڕەی شاری مووسڵ، بەڵام لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە وەها بە توندی بەرپەرچیان درایەوە کە، زیانی گورچکبڕیان بەرکەوتووە و کوژراو و برینداری زۆریان دا."
دەربارەی هێرشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری حەمدانییە، بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی، "لە سنووری حەمدانییە، داعش چەند گوندێکی بۆردوومان کردن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە رووبەڕوویان بوونەوە و تێکشکێندران."
(رەجەب) راشیگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە فەرمانی پێ نییە زیاتر بچێتە پێش، ئەگینا ھەر شوێنێکی مەبەستی بوایە دەیتوانی کۆنترۆڵی بکات، بەڵام لەئێستادا پلانی ھێزی پێشمەرگە تەنیا کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمە."
(رەجەب) ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ماوەی دوو رۆژە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم، خەڵکانێک لە ھەموو نەتەوە جیاوازەکان خۆبەخشانە دێنە ناو ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، ئەمەیش دوای ئەوەی کردەوەکانی داعش لە ناوچەی شنگال ئەنجامی داوە، تەنیا ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی 500کەس سەردانی ئێمەی کردووە بۆ ئەوەی بە خۆیان و چەکەکانیانەوە خۆبەخشانە بێنە ناو ریزەکانی پێشمەرگە."
دەربارەی ئاکام و دەستکەوتەکانی پێشمەرگە لە سنووری زومماریش، گوتی: "لە سنووری ناحیەی زوممار ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە ھێرشی کردووە و لە پێشرەویدایە و توانیویەتی دوو شوێنی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکاتەوە کە، ھەر یەکە لە گوندی کەلھێ و مەحموودییەن و خەڵکی ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
رایشیگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لەو شوێنانەی ھەیە، بەرگری دەکات و ئەو شوێنانەی لەدەستیشی داون، بۆ کۆنترۆڵکرنەوەیان ھێرشی فراوانی بەرپا کردووە و لە پێشڕەویدایە."
بڵند ئیبراھیم




