لە حەمدانییە و تلکێف پێشمەرگە لە پێشرەویدایە.. سبەی هەر خێزانێکی ئێزدی ملیۆنێک دیناری دەدرێتێ

مووسڵ-تایبەت KDP.INFO- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، لە سنووری ھەردوو قەزای تلکێف و حەمدانییە، پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و داعش تێکشکێندراون و ژمارەیەکی زۆریش کوژراو برینداریان ھەیە و لەئێستایشدا لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی مووسڵەوە بانگەوازی بۆ خوێن دەکەن.
دەربارەی دۆخی شنگال و ئاوارەکانی چیای شنگال، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ(بەشار کیکی) بۆ kdp.info گوتیشی: "لە ئێستادا زیاتر لە 100ھەزار کەس لە چیای شنگال گەمارۆ دراون و پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە، بەڵام ئەم ئێوارەیە، بە فڕۆکە هاوکارییان بۆ ڕەوانە کراوە."
زیاتر گوتی، "هەڵبەت کە دوێنی ھاوکاریییان پێ نەگەیشتبوو لەبەر ئەوە بوو کە شوێنیان دیار نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ شوێنەکە دەستنیشان کراوە و ھاوکارییان بۆ ڕەوانە کراوە."
(کیکی) راشیگەیاند: "وەهایش بڕیار دراوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ھاوکاری بە ئاوارەکانی شنگال بگەیەنرێت و ھەر خێزانێک بڕی ملیۆنێک دیناری بدرێتێ و ئەو ھاوکارییەش لە سبەیەوە دەست پێ دەکرێت."
دەربارەی زیانە گیانییەکانی دەڤەرەکەیش گوتی، "ئەمە ئاماری فەرمی نییە، بەڵام وەک زانراوە، تاوەکو ئێستا لە شنگال زیاتر لە 100پیاو شەهید کراون و نزیکەی 50ئافرەتیش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندراون."
بڵند ئیبراھیم




