زێباری، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات بە هانای ئاوارەكانی شنگال و زوممارەوە بێن

هەولێر-kdp.info- لە كۆبوونەوەی فراوانی ژووی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرا بە خێرایی و بە بێ رۆتینات بە هانای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەوە بچن كە لە شنگال و زوممارەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و بە زوویی یارمەتی و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتی (د. دینداز زێباری) لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ نوێنەرانی یۆنامی، ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە كۆمەكبەخشەكان ساز كرا كە ئامانجی یارمەتیدانی ئەو شەپۆلە نوێیەی ئاوارەكانی ناوچەی شنگال و زوممارە و ژمارەیان روو لە هەڵكشانە.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دیندار زێباری) لە سەرەتای كۆبوونەوەدا پێداگری لەسەر سیاسەتی حكوومەتی هەرێم كردەوە كە رێگەی بۆ هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بۆ ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، خۆش كردووە.
هەروەها داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە نێودەوڵەتییەكانی هاوبەش كرد بە خێرایی و بە بێ رۆتینات بە هانای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەوە بچن، كە ئامارە سەرەتاییەكان ئاماژە بە ئاوارەبوونی 300 هەزار كەس لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی دواییدا دەدەن و بەرەو سنوورەكانی هەرێم كۆچبار بوونە و لە چەندین شار و شارۆچەكانی هەرێم و كەمپەكان نیشتەجێ كراون.
(زێباری) لە درێژەی گوتەكانیدا رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان میكانیزمێكی هاوبەشی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی پێویست و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان پێك هێناوە بۆ گەیاندنی یارمەتیی خێرا بە ئاوارەكانی ئەم دواییەی هەردوو ناوچەی شنگال و زوممار.
لەم كۆبوونەوەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێم داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان كرد بەشێك لەو یارمەتییە داراییەی كە بۆ ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنەكانی تری نێودەوڵەتی تەرخان كراوە، بۆ دامودەزگاكانی پەیوەندیداری حكوومەتی هەرێم بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی بكەن.
لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هەنگاوی خێرا بهاوێژرێت بۆ دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی تر و زیادكردنی ستافی لایەنە بەشدارەكان لە پرۆسەی یارمەتیدانی ئاوارەكان. هەروەها شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بكرێت و تیمەكانی گەڕۆكی پزیشكیش زیاد بكرێت و بەردەوام بن لەسەر تۆماركردنی ژمارەی ئاوارەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت بە باشترین شێوە یارمەتییان بدرێت.
لە لایەكی دیكەوە، لایەنە بەشداربووەكان باسیان لە دانانی میكانیزمێكی پێویست كرد بۆ بەهێزكردن و پشتگیریی لە رێكخراوە ناوخۆییەكان بۆ گەیاندنی یارمەتی و كۆمەك بە شێوەیەكی خێرا بۆ ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی.
هەروەها داوا لە لایەنی نێودەوڵەتی كرا هاوكار و یارمەتیدەر بێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو شار و ناوچانەی هەرێم كە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە، بە تایبەتی ئەو بنكە خزمەتگوزارییانەی وەك بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان كە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە.
پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەكە، هەر یەك لە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان (د. دینار زێباری) و نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان خاتوو (جەكلین پارلێڤیێت) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.




