پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و 81 چەكداری داعشیش كوژران

حەمدانییە-تایبەت kdp.info- ئەمڕۆ شەڕێكی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش لە سنووری شارۆچكەی حەمدانییە دەستی پێ كرد كە تاوەكو ئێستایش بەردەوامە و هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و دوو گوندی دیكەی ئازاد كردوون، هەروەها 81 چەكداری داعشیش كوژران.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندی بەلاواتی سەر بە شارۆچكەی حەمدانییە، داعش هێرشی كردە سەر هێزی پێشمەرگە و شەڕێكی قورس ڕووی دا، لە ئاكامدا هێزی پێشمەرگە توانییان 15ئۆتۆمبێل بسووتێنن و 62 چەكداری داعشیش بكوژن، هەروەها هەر دوو گوندی بەلاوات و شۆریجەیش ئازاد كران.
(مەموزینی) گوتیشی، لە گەڕەكی نووریش 30 ئۆتۆمبێلی جۆری مەرزییە هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، لە ئاكامدا سێ ئۆتۆمبێل سووتان و 15چەكداری داعشیش كوژران.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ناوچەی شەلالات و تەحریریش فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق داعشیان بۆردوومان كردووە و چوار چەكداری داعش كوژراون.
ئەوەیشی خستەڕوو كە، هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و داعش تێك شكێندراون و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، هەروەها هێزی پێشمەرگەیش لە ڕاوەدوونانی چەكدارانی داعش بەردەوام دەبێت تاوەكو تەواوی ناوچەكە ئازاد دەكات.
بڵند ئیبراهیم




