پەرلەمانتارێکی کوردستانی: دەبێ حکوومەتی فیدراڵ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەهاناوەچوونی پەنابەران پەلە بکەن

بەغدا-KDP.INFO- پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، داوای لە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، لە بەهاناوەچوون و کۆمەککردنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستاندا پەلە بکەن.
پەرلەمانتار(فارس بریفکانی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە باڵاخانەی پەرلەمانی عێراقدا سازی دا، گوتی، "عێراق ب دۆخێکی قورس و هەستیاردا تێپەڕ دەبێ، هەر ئەو دۆخەیشە وای کردووە کە زیاترت لە ملیۆن و نیوێک کەس ئاوارە ببن کە زۆرینەیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەرباری ئەو ئابڵۆقە ئابوورییەیشی کە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بەسەریدا سەپێندراوە، حکوومەتی هەرێم لای خۆیەوە ئەوەی لەدەستی هاتبێت بۆیانی دابین کردووە."
(بریفکانی) زیاتر گوتی، "ئەوەی کە بەم دواییە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەسەر مەسیحی و ئێزدییەکانیدا هێناوە و سیاسەتی پاکتاوی تایفی و نەژادی پێڕۆ دەکات، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی دەوێت بۆ ئەوەی بەرەوڕووی ئەو تیرۆریستانە ببنەوە"، داوایشی کرد "حکوومەتی فیدراڵ و ڕێخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەهاناوەچوون و کۆمەکردنی پەنابەرن پەلە بکەن."
ئەو پەرلەمانتارە کوردە ڕوونیشی کردەوە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) فەرمانی دا کە تەواوی توانا سەربازییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەرکردنیان لەو ناوچانەی دەستیان بەسەردا گرتوون، ەبکار ببرێن"، ئاماژەیشی دا کە "پشتیوانیی هێرشی ئاسمانیی حکوومەتی فیدراڵ بە درەنگەوە بوو."
سەرکەوت حەسەن




