ئەو پارەیەی بە وەزیرەكان درابوو، بۆ حكوومەت گەڕێندرایەوە

هەولێر-KDP.info- ئەو سی هەزار دۆلارەی بۆ كڕینی ناوماڵ درابووە وەزیرەكان، بۆ حكوومەت گەڕێندرایەوە. ئەندامێكی پەرلەمانیش دەڵێت، "زۆربەی وەزیرەكان پارەكەیان وەرگرتبوو، بەڵام دواتر گەڕاندیانەوە بۆ حكوومەت و حكوومەتیش خۆی پێداویستیی ناوماڵی وەزیرەكان دەكڕێت".
لەبارەی ئەو سی هەزار دۆلارەی وەزیرەكان كە بۆ كڕینی پێداویستیی ناوماڵ وەریان گرتبوو، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان (د. فرسەت سۆفی) بۆ KDP.infoگوتی، "بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییمان كردووە، بۆشمان روون بووەوە كە بەشێك لە وەزیرەكان تا ئێستا خانوویان وەرنەگرتووە و ماڵیان لە دەرەوەی هەولێرە و خەرجیی رۆژانەیان زۆرە كە ئەمەیش كاریگەرییەكی زۆری بۆ سەر حكوومەت هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە پارەیش بۆ مانەوەیان لە هۆتێل خەرج دەركرێت، بۆیە داوایان كردووە كە خانوو وەربگرن و كەلوپەلی ناوماڵیان بۆ دابین بكرێت، لە جیاتی ئەوەیش كە پارەی كاشیان بدرێتێ، بڕیار درا لە ڕێگەی لیژنەیەكی حكوومەتەوە پێداویستیی ناوماڵیان بۆ دابین بكرێت".
(د. فرسەت) گوتیشی، "دوای قسەكردن لەگەڵ وەزیرەكان، بڕیار درا پارەكان وەرنەگرن و دواتر لیژنەیەك لە حكوومەت دروست بكرێت و سەردانی ماڵەكان بكات، چەندیش كەلوپەل پێویست بێت، دابینی بكەن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە زۆربەی وەزیرەكان پارەكەیان وەرگرتبوو، بەڵام دواتر گەڕاندیانەوە بۆ حكوومەت.
فەرەیدوون ئیبراهیم




