دەیڤد ئیگناشیۆس:سەرۆكی هەرێم یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی پاراستووە

هەولێر-KDP.INFO- ستووننووسی بەناووبانگی واشنتۆن پۆست (دەیڤد ئیگناشیۆس) ڕایدەگەیەنێت، (سەرۆك بارزانی) توانیویەتی یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بپارێزێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانی عێراق بەكار بهێنێت. دەشڵێت، ئەگەر پانتاییەكی پڕشنگدار لە عێراقدا هەبێت، ئەوا كوردستانە، كە تاكە شوێنێكی ئارامە و رۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەوپێش دەچێت.
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، ستووننووسی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست (دەیڤد ئیگناشیۆس) دەڵێت، "(سەرۆك بارزانی) نەك هەر لە كاتی ئەم رووداوانەی دواییدا، بەڵكو چەندین ساڵە وەك سەركردەیەكی لێهاتوو ژیرانە رەفتاری كردووە، ئەو توانیویەتی یەكڕیزیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بپارێزێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانی عێراق بەكار بهێنێت، بۆیە لە ئێستادا (سەرۆك مەسعوود بارزانی) دەبێت رێگەیەكی زۆر هەستیار بگرێتە بەر و هەوڵ بدات هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد و عێراقدا رابگرێت، هەست دەكەم (بارزانی) لەم كارەیدا سەركەوتوو دەبێت، چونكە خاوەنی ئەزموونە و پێشتریش لە ئەركە سەختەكاندا سەركەوتوو بووە."
(دەیڤد ئیگناشیۆس) گوتیشی، " ئەگەر پانتاییەكی پڕشنگدار لە عێراقدا هەبێت، ئەوا كوردستانە، كە تاكە شوێنێكی ئارامە و بەرەوپێش دەچێت، لەبەر ئەوەی كوردستان خاوەنی پێشمەرگەیەكی بەهێزە كە توانای ئەوەی هەیە رووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە، لە ئێستادا سەركردە كوردەكان و سەركردە عێراقییەكانی دیكە هاوكارن لەگەڵ ئەمەریكا و هەوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بۆ ئەوەی ستراتیژییەتێكی درێژخایەن دابڕێژن و هەوڵ بدەن دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیی داعش كۆتایی پێ بهێنن."
ئەو ستووننووسە بەناووبانگەی واشنتۆن پۆست هاوكات دەڵێت، "من وەك خۆم پێم وایە پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز بێت كە بتوانێت بەرگری لە گەلی كورد بكات لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی و هەروەها بتوانێت لە هەڕەشەی تیرۆریستانی دوور بخاتەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هێزی پێشمەرگە پێویستی بەچەكی سەردەم دەبێت و دەبێت هەموو لایەكیش ئەمە لە بەرچاو بگرن، بە لای منەوە پرسی سەرەكی ئەوەیە، كوردستان بەهێز و سەربەخۆ بێت."
لە درێژەی دیدارەكەیدا ستووننووسی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست (دەیڤد ئیگناشیۆس) ئاماژە دەدات، "هیوا دارم دۆستەكانمان لە كوردستان سوپایەكی بەهێز و حكوومەتێكی باش و ئابوورییەكی سەركەوتوویان هەبێت، ئێستا لە عێراقدا دۆخێكی سەخت و دژوار هەیە، ئومێدی من ئەوەیە پێشمەرگە بتوانێت كوردستان بپارێزێت و سەربەخۆ و بەهێز بن."
فەرەیدوون ئیبراهیم




