بە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە دەخەمڵنێدرێن.. حكوومەت و یوئێن، هاوکاریی ئاوارەكانی شنگال و زوممار دەکەن

هەولێر-KDP.INFO- لە یەكەم كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، یونامی و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكارییەكانیان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی قەزای شنگال و ناحیەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا خستە ڕوو كە، بە زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە دەخەمڵنێدرێن.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش(د. دیندار زێباری)، بۆ چۆنییەتی گەیاندنی یارمەتی مرۆییەكان بە هاووڵاتیانی ئاوارەی قەزای شنگال و ناحیەی زوممار لەگەڵ نوێنەرانی یونامی لە عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ بووەوە.
بە هەزاران هاووڵاتیانی قەزای شنگال بەهۆی توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و هێڕشی بەربڵاوی چەكدارانی داعش بۆ سەر ناوچەكە ئاوارە بوونە، كە بەشێكیان پەنایان بۆ چیاكانی دەروبەربەری شارۆچكەی شنگال بردووە و بەدەست نەبوونی ئاو و خۆراك و سوتەمەنییەوە دەناڵێنن. ژمارەیەكی تریش بەرەو دهۆك، زاخۆ و ئیبراهیم خەلیل كۆچبار بوونە.
لە كۆبوونەی هەفتانەی ژووری ئۆپەراسیۆن باس لە چۆنییەتی گەیاندنی یارمەتی بۆ ئەو ئاوارانە كرا كە بەهۆی بەردەوامی شەر و پێكدادان لە هەڵكشان داوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان لە چەندین شوێن پێشوازییان لە ئاوارەكانی ناوچەی زوممار كردووە.
یونیسێف، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیان كردووە بە یارمەتیدانی شەپوولی نوێی ئاوارەكانی دەڤەری شنگال وەك دابینكردنی ئاو و خۆراك و خێوەت كە زۆربەی هەرە زۆریان هاوڵاتیانی ئیزیدین.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بەدەنگەوەهاتنی خەڵكی كوردستانیان كرا كە درێخییان نەكردووە لە پێشوازیكردنی ئاوارەكان و، بەردەوامبوون لەسەر ئەم كردەوە مرۆڤانە بە گرنگ وەسف كرا، بەتایبەتی لەكاتی گەیشتنی ئاوارەكان.
هەر دوو لایەنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر رەوشی ناوچەكە دەربڕی، بەتایبەتی ئەوانەی كە پەنایان بۆ چیاكانی شنگال بردووە كە چارەسەرنەكردنی كێشەی ئاوارەكان دەبێتە هۆی روودانی قەیرانێكی مرۆیی لە ناوچەكەدا. هەربۆیە بڕیارە ژمارەیەك كەمپی نوێ لە پارێزگاری دهۆك بكرێنەوە، ئەوانەش كە هەن ئاستی تواناكانیان زیاتر بكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەدا بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانی ئامارێك سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەكان خستەڕوو و رایگەیاند 16 هەزار خێزان لە 10 حوزەیرانەوە تا ئًێستا تۆمار كراون و بڕیارە حكوومەتی عێراق بە بڕی ملیۆنێك دینار یارمەتی هەر خێزانێكی ئاوارە بدات. بەشدارانی كۆبوونەوەكە لە كۆتاییدا پێداگرییان لەسەر كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی كرد بۆ گەیاندنی هاوكاری و كۆمەك بە ئاوارەكانی چیای شنگال.




