عەلی عەونی: دەستی دەرەکی لە پشت تێوەگلانی کوردە لە شەڕ.. گورزی پێشمەرگە، زیانی گەورەی لە داعش دا

شێخان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، باسی وردەكاریی شەڕی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش دەكات و دەڵێت، لە ئەنجامی گوزروەشاندن و هێرشە بەربڵاوەكانی پێشمەرگە، زیانێكی زۆر بەر داعش كەوتووە. ئاشکرایشی دەکات کە، پێشبینی دەستێكی دەرەكی دەكرێت بۆ ڕاكێشانی كورد بۆ شەڕی داعش بۆ ئەوەی كورد واز لە داوا ڕەواكانی خۆی بهێنێت كە خۆی لە سەربەخۆیی و ئازادكردنی ئەو شوێنانەدا دەبینێتەوە.
ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 20ـی شێخان (عەلی عەونی) بۆ KDP.infoگوتی، "لە كێڵگەی نەوتیی عەینزالە، داعش لە تەنگانەدایە و پێشبینی دەكرێت ئەمشەو بكەوێتەوە دەست پێشمەرگە، هەموو ئاماژەكانیش ڕووە و ئەوەن كە داعش لەو شوێنانە دەست بە پاشەكشە دەكات، لە كاتێكدا ناحیەی وانكێف سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە و ئەوەی كە هەیە شەڕی دەروونییە نەك شەڕێكی سەربازی و، پێشمەرگە لە ئامادەكارییەكی زۆر باشدایە و پەیوەندیمان لەگەڵ برایانی ئێزدی لە چیاكان هەیە و لە ڕێگەی جۆربەجۆرەوە هاوكارییان بە دەست دەگەیەنرێت."
گوتیشی، "پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەیە، چونكە بینیمان چۆن داعش هەڵسوكەوتی لەگەڵ مەسیحییەكان كرد، هەڵبەت ئەوان دەست لە هیچ شتێك ناپارێزن و ئەوە بەرپرسیارەتیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە كە دەبێت بێتە وەڵام، بەڵام هێزێكی گەورە ئامادە كراوە بۆ گرتنەوەی ئەو شوێنانەی كە داعش دەستی بەسەردا گرتوون، لە كۆتاییشدا شەڕ لە بەرژەوەندیی پێشمەرگە تەواو دەبێت."
(عەونی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، "پلانی شەڕی پێشمەرگە لە ماوەی ڕابردوودا تەنیا بەرگری بووە، چونكە ئەم شەڕە، شەڕی پێشمەرگە نەبووە، بەڵكە تایفەگەری بووە، بۆیە پێمان خۆش نەبوو خۆمان بكەینە بەشێك لەم شەڕە، بەڵام پێشبینی دەستێكی دەرەكی دەكرێت بۆ ڕاكێشانی كورد بۆ شەڕی داعش بۆ ئەوەی كورد واز لە داوا ڕەواكانی خۆی بهێنێت كە خۆی لە سەربەخۆیی و ئازادكردنی ئەو شوێنانەدا دەبینێتەوە، ئێستایش داعش گوشارێكی گەورەیان لەسەرە و هەست بە شكست دەكەن و دەیانەوێت ڕێگەیەك بكەنەوە بەرەو سووریا، چونكە بوونی شنگال و ئەو شوێنانە ئاستەنگە لە بەردەمیان تا كۆنتڕۆڵی دەروازەی سووریا بكەن."
گوتیشی، "پێشمەرگە ئێستا لە لە هەموو بەرەكاندا لە پێشڕەویدایە و داعش كەوتووەتە بەرگری و لە هەندێك شوێنیش خۆیان ئامادە كردووە ڕابكەن، هەروەها زیانێكی زۆر لە داعش دراوە و لە پاشەكشەدان."
فەرەیدوون ئیبراهیم




