٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: پێشمەرگە جێگەی خۆی گرتووەتەوە.. ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە پێشمەرگە چەكدار بكەن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.INFO- سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "ئێستا پێشمەرگە جێگەی خۆی گرتووەتەوە و بەشێكیان ئەسڵەن هەر لە جێگای خۆیان مابوونەوە"، داوایشی لە ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا کرد، هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن. (میرانی) گوتیشی، "ئەوە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە هەم پێشمەرگە چەكدار بكەن و هەم مۆڵەتیش بدەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی چەكی قورس بێت و بكڕێت."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ میرانی)، دوێنێ یەکشەممە سەردانی دەڤەری سحێلای كرد بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ژیان و ڕەوشی دەڤەری شنگال و زوممار بێت.

(فازڵ میرانی) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ KDP.INFOگوتی، "بۆ هەموو خوشك و برایانی خۆمان دڵتەنگ و خەمبارین بە تایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی. ئێمە دەمانەوێت خەڵكی خۆمان بپارێزین، بەڵام كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ڕەوشەی بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی هاتە ئاراوە، كارێكی ئاسان نەبوو، بۆیە ئێمە هیوادارین خەڵكی خۆمان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنینەوە."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان هەروەها ئاماژەی دا، "جێی داخە كە خەڵكی ئێمە ئاوارە بوون بە تایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی كە لە رۆژی جەژنیاندان و تیرۆریستان نەیانهێشت جەژنەكە بە خۆشی بەڕێ بكەن."

دەشڵێت، "ئێمە هێزەكانی پێشمەرگەمان ڕێك خستووەتەوە و ئەم دەڤەرەیش چۆڵ ناكەین و پارێزگاری لە خەڵكی خۆمان دەكەین، بەڵام هەندێك جار بە هۆی هاتنەپێشەوەی بارودۆخێكی ناكاو باڵانسەكە تێك دەچێت، بۆیە كۆنتڕۆڵی ئەو دۆخە بۆ بەرپرسانی ناوخۆیی ئاسان نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێستا پێشمەرگە جێگەی خۆی گرتووەتەوە و  بەشێكیان ئەسڵەن هەر لە جێگای خۆیان مابوونەوە."

(میرانی) گوتیشی، "لە ئەمەریكا و یەكیەتیی ئەورووپا داواكارین هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، ڕاستە كە هێزی پێشمەرگەیە دەتوانێت هاریكار بێت و ئەمنییەتی كوردستان بپارێزێت، بەڵام ئەوە بۆ قۆناخی یەكەمە و قۆناخی دووەم ئەوەیە كە نەهێڵێت لە عێراقدا تیرۆر گەشە بكات، ئەگەرنا تیرۆریستان دەبنە مەترسییەكی گەورە نەك بە تەنیا لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵكو لەسەر هەموو ناوچەكە، لەبەر ئەوە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە هەم پێشمەرگە چەكدار بكەن و هەم مۆڵەتیش بدەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی چەكی قورس بێت و بكڕێت."

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەبارەت بە هاتنی بە لێشاوی كۆچبەران بۆ هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "چەند ساڵێكە لێشاوی كۆچبەران هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، خوشك و برایانی كوردی سووریا هاتوون كە هێشتا ئەوان بە تەواوی نیشتەجێ نەببوون هیی ئەنبار بەسەردا هاتن، هیی ئەنبار هێشتا كێشەكانیان چارە نەكرابوون كە هیی فەللوجە بەرسەردا هاتن، هیی فەللوجە هێشتا كێشەیان هەبوو كە هیی مووسڵ و مەسیحییەكان بەسەردا هاتن، مەسیحییەكان هێشتا گرفتیان هەیە كە دەڤەری شنگال و زومماریش بەسەردا هاتن، بەو دۆخە ئابوورییەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی تێدایە كە حكوومەتی عێراق بوجەی بڕیوە، ئیدارەدانی ڕەوشەكە كەمێك زەحمەتە و پێویستمان بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە."

فەرەیدوون ئیبراهیم-حەکیم حیکمەت

هەواڵی پەیوەندیدار