٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حەوت گوندی کۆنترۆڵ کردنەوە.. پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-تایبەتKDP.INFO-ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی زوممار چەندین گوندیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە و بەردەوامیش لە پێشرەویدان.

بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار (ساڵح میرانی) بە KDP.INFOی راگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە پلانێکی تۆکمەی داناوە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکاتەوە کە کەوتوونەتە ژێر دەستی چەکدارانی داعش و لە دوێنێوە چەندین گوندی گرتوونەتەوە و بەردەوامەش لە پێشرەویدایە."

(ساڵح میرانی) گوتیشی: "پێشمەرگە دوێنێ لە بەری رۆژئاوای زوممار، ھێرشی کردووە و پێشڕەوییان کردووە تاوەکو گوندی کەلھێ و وەلید چوونەتە پێش و لە بەری باکووریش تاوەکو گوندی بخور پێشڕەوییان کردووە و ھەوڵ دەدرێت بۆئەوەی ناوچەکە پاک بکەنەوە، بەڵام داعش پردی عەین عوێزیان تەقاندووەتەوە و جادەکەشیان بۆمبڕێژ کردووە بۆئەوەی پێشمەرگە پێشڕەوی نەکەن."

بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار کە خۆیشی لە بەرەکانی شەڕە، زیاتر گوتی، "لەئێستادا گوندەکانی سحێلا و شێبان و ماسەک و کەلھێ و جخور و جەمبە ھیڤ و گوزگیران، ئەمانە ھەموو کەوتوونەتەوە دەست ھێزی پێشمەرگە و بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دیکەیش."

ئەو ڕوونیشی کردەوە، "ھێزێکی زۆری پێشمەرگە کۆ کراوەتەوە و چەکێکی باشیشیان پێیەوە و گەشبینم بتوانن تەواوی ناوچەکان کۆنترۆڵ بکەنەوە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار