لە هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندان ساز دەدەن.. ئێزدییەكان داوای هاوكاری و پشتیوانی دەكەن

هەولێر-kdp.info- چاوەڕوان دەكرێت پاش كەمێكی دیكە لە بەردەم تەلاری پەرلەمانی كوردستان و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، ژمارەیەك خانەوادەی ئێزدی و چالاكوانانی مەدەنی خۆپێشاندان بكەن و داوای هاوكاری و پشتیوانی بكەن. هاوكات لە سلێمانییش كوردانی ئێزدی لە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمام مەبەست گرد بوونەوە.
لەم بارەیەوە عەزیز شەركانی یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكە گوتی، سەعات 10 یەكەم وێستگەی خۆپێشاندانەكەیان بۆ بەردەم پەرلەمانی كوردستان دەبێت و دواتریش بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان دەچن.
ئەو روونی كردەوە كە لە خۆپێشاندانەكەدا بە دەیان خانەوادەی ئێزدی و ژمارەیەك لە چالاكوانانی مەدەنیی ئایینزای ئێزدی، موسڵمان و كریستیان بەشدار دەبن.
بەپێی زانیاریارییەكان، لەو خۆپیشاندانەدا سێ راگەیەندراو پێشكەش بە هەر یەك لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكرێن بە مەبەستی پەلەكردن لە گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی و پشتیوانیی هێز بۆ پاراستنی هەرچی زووتری گیانی هاووڵاتیانی كوردی ئێزدی لە شەنگال و پێشگرتن لە رەشەكوژیی هاووڵاتیان لەو دەڤەرانەی كەوتوونەتە بەر پەلاماری چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش".
لە لایەكی دیكەیشەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ كوردانی ئێزدی بە هۆی ئەو مەترسییەی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە رووبەڕووی قەزاكەیان بووەتەوە، خۆپیشاندانیان ساز كرد و چوونە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی كوردستان.




