یەكێتیی زانایان پشتیگیریی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات دەكەنەوە

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا پشتگیریی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات دەكەنەوە و دەڵێن، "بڕوای تەواومان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەیە، كە ئێستا لە پیرۆزترین ئەركی ئایینی و نیشتمانی و مرۆیی خۆیاندان".
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بە ناوی ئایینەوە چەندین كار و رەفتاری نامرۆڤانەی دوور لە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەكان ئەنجام دا، كە لە هیچ شوێنێكی ئاییندا جێگەی نابێتەوە، بە پێچەوانەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام یەكەمین قوربانیی ئەم كردەوە دڕندانانەیە، دیارە ئێستا ئەم گرووپە توندڕەوانە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و خاك و نیشتیمان و كەڕامەتی گەلی كورد، بەڵام بڕوای تەواومان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەیە، كە ئێستا لە پیرۆزترین ئەركی ئایینی و نیشتمانی و مرۆیی خۆیاندان، چونكە بە رێگرتن لە تیرۆریستان (گیان و ماڵ و نامووس و ئایین و خەڵك)ـەكەیان دەپارێزن، بۆیە ئەوانەی لەم رێگەیەدا دەبنە قوربانی، بێگومان شەهیدن، چونكە پێغەمبەری خوا (د.خ) دەفەرمووێت: ئەوەی لە پێناوی ماڵ و سامانی، خزم و كەسوكاری، ئایین و دینی، گیان و رۆحی، نامووس"ـی بكرێتە قوربانی، شەهیدە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە دراوە، هاووڵاتیانی كوردستانیش دەزانن پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بە پشتیوانیی خوا، ماڵ و سامان و گیان و ئایین و نامووسیان لە دەستدرێژیی تیرۆریستان دەپارێزن.
ئەوەیش خراوەتە ڕوو كە، "بۆیە لێرەوە بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان دووپاتی دەكەینەوە، كە ئەوان لە ئەركێكی ئایینی و نیشتیمانی و مرۆیی پیرۆزدان و، خەڵكی كوردستانیش هەموویان پشتیوانیانن، بە تایبەتی زانایانی ئایینی هەمیشە لە نوێژانی بەیانی و رۆژانی هەینی زمانیان بە دوعای پشتیوانیكردن بۆ هێزەمانی پێشمەرگە تەڕە".
ڕوونیش كراوەتەوە، "لە خوای گەورە داواكارین پێشمەرگە ئازیزەكانمان بپارێزێت و، هەمیشە لە سەركەوتندابن، شەهیدەكانیش بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و، شیفای بریندارەكانیش بدات، ئەم میللەتەیش لە نەهامەتییەكان بپارێزێت و، نەگبەتییەكانی مێژووی رابردوومان دووبارە نەبنەوە".
بڵند ئیبراهیم




