٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوای هاوكاریی بەپەلە دەكات.. میری ئێزدیان: بارودۆخی ئێزدییەكانی شنگال نالەبارە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-kdp.info- میری ئێزدیان لە كوردستان و عێراق و جیهان، داوای هاوكاری بۆ ئێزدییەكان لە شارۆچكەی شەنگال و ناوچەكانی سەر بەو شارۆچكەیە دەكات و دەڵێت، "داواتان لێ دەكەم كە بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بەرامبەریان بنوێنن و هاوكاریی ئەو هاووڵاتیانە بكەن بۆ رزگاركردنیان لەو باردۆخە نالەبارەی كە ئەمڕۆ تێیدا دەژین".

میری ئێزدیان لە كوردستان و عێراق و جیهان (میر تەحسین بەگ)، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (سەرۆك بارزانی)، سەرۆككۆماری عێراق (فوئاد مەعسووم)، سەرۆكی حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (بان كی مۆن)، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) و یەكیەتیی ئەورووپا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم رێكخراو و دەستە نێودەوڵەتییەكان دەكان، یارمەتی و هاوكاریی هاووڵاتیانی شارۆچكەی شەنگال و ناوچەكانی سەر بەو شارۆچكەیە و شارەدێ و گوندەكانی ئەو ناوچەیە كە هاووڵاتیانی ئێزدی تێیدا نیشتەجێن، بكەن.

میری ئێزدیان دەشڵێت، "داواتان لێ دەكەم كە بەرپرسیارێتیی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بەرامبەریان بنوێنن و هاوكاریی ئەو هاووڵاتیانە بكەن بۆ رزگاركردنیان لەو باردۆخە نالەبارەی كە ئەمڕۆ تێیدا دەژین".

(میر تەحسین بەگ) ئەوەیش دەخاتە ڕوو، "لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە بنەمای ئایینی ئێزدی ئاشتییە و سەرجەم پرەنسیپەكانی پاراستن و مافی مرۆڤی تێدایە و رێزگرتنە لە هەموو ئایینەكانی جیهان، لە هیچ كاتێكدا دژی هیچ لایەنێك و مەزهەبێك نەبووە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لە ڕووی مرۆڤایەتییەوە لەگەڵ براكانتان لە مووسڵ و تەلەعفەر بجوڵێنەوە و لە ئەمڕۆدا براكانتان پێویستیان بە هاوكاریی ئێوەیە".

گوتیشی، "بە ناوی خۆم و ئایینی ئێزدییەوە، داوایەكی مرۆڤانەتان لێ دەكەم بۆ هاوكاریكردن و دەستگرتنی ئێزدییەكان و داوای درێژكردنی دەستی هاوكاریتان لێ دەكەین لە نزیكترین كاتدا".

هەواڵی پەیوەندیدار