ئەنوەری حاجی عوسمان: دڵنیاتان دەکەمەوە پیشمەرگە سەر دەکەوێ.. پەلامارەکانی داعش بۆ پاکردنەوەی رێگاکانی هەڵاتنیانە

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە(ئەنوەری حاجی عوسمان) دەڵێت پەلامارەکانی ئێستای داعش بۆ پاکردنەوەی رێگاکانی هەڵاتنیانە و بۆ چۆڵکردنی ناوچەکەیە.. دەشڵیت، خەڵکی عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتیش خەڵکی مووسڵ ئەوان قبووڵ ناکەن و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە دەبێت دەربکرێن، گوتیشی: "لە ڕێگای ئێوەوە خەڵک دڵنیا دەکەمەوە کە سەرکەوتن بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و تێکشکان و هەڵاتنیش بۆ داعش و تیرۆریستانە، چونکە ئەوان بەم وڵاتە نامۆن."
(ئەنوەری حاجی عوسمان) لە لێدوانێکیدا بۆ KDP.INFOلەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو پەلامارەی داعش، بۆ پاکردنەوەی رێگای هەڵاتنیانە، ڕوونیشی کردەوە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو هێزەیە بە درێژایی مێژوو هەمیشە پیشەی سەرکەوتن بووە، ئەم پەلامارەی داعشیش بەپێی زانیاریی ئێمە کە کردوویانەتە سەر شنگال و زوممار، بۆ پاکردنەوەی رێگاکەیانە بۆ کاتی هەڵاتنیان، چونکە خەڵکی عێراق و ناوچەکە و بەتایبەتیش خەڵکی مووسڵ ئەوان قبووڵ ناکەن و، گەیشتووەتە ئەو ئاستە کە دەبێت دەربکرێن."
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لە دڵنیایی کۆتایی داعش دا و گوتی، "داعش تەواو بووە و بوونەتە هێزێکی نامۆ، ئەوانەی دوێنێش چەپلەیان بۆ لێ دەدان، ئەمڕۆ چەکیان کڕیوە و دژیان دەوەستنەوە و شەڕی رووبەڕوویان لەگەڵدا دەکەن.. بۆیە دەتوانم موژدەی ئەوە بدەم کە داعش کۆتایی پێهاتووە و دەبێت لەم ناوچەیە نەمێنن."
سەبارەت بە پلانی هێزی پێشمەرگە بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارانی داعش، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "نەخشە و پلانی سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان و هێزی پێشمەرگە پێشرەویی نەبووە، بەڵام لەمەودوا نەخشە و پلانەکانمان دەگۆڕین."
سەبارەت بە نەخشە و پلانی وەزارەتی پێشمەرگەیش کە لەمەودوا چۆن دەبێت، جگە لەوەی گوتی چاوەڕوان بن و ببینن، (ئەنوەری حاجی عوسمان) زانیاریی زیاتری نەدا.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە بەردوامی شەڕ لە شنگال گوتی: "تائێستا شەڕەکە بەردەوامە و با کوردستانیان ئارام بگرن و چاوەڕوانی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە بکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا.
(ئەنوەری حاجی عوسمان) ئەەگرچی گوتی هیچ زانیاریێکی سەبارەت بە هاتنی چەک بۆ کوردستان و گەیشتنی بە پێشمەرگە نییە، بەڵام دەڵێت "بە دڵنیاییەوە چەک دێت، چونکە جەنابی سەرۆک ئەو موژدەیەی داوە."
دەربارەی ئەگەری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "هێزی پێشمەرگە پێویستی بەوە نییە هیچ هێزێکی تر بێت بۆ یارمەتی و داوای هاوکاریشمان لە کەس نەکردووە."
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "لە ڕێگای ئێوەوە خەڵک دڵنیا دەکەمەوە کە سەرکەوتن بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و تێکشکان و هەڵاتنیش بۆ داعش و تیرۆریستانە، چونکە ئەوان بەم وڵاتە نامۆن.. تەنانەت بە خۆشیان نامۆن.. چونکە ئەوانەی کە دوێنێ چەپڵەیان بۆ لێ دەدان ئەمڕۆ چەکیان بۆ دەکڕێت و دژیان وەستاونەتەوە و شەڕیان لەگەڵدا دەکەن، کەواتە دڵنیا بن تێک دەشکێن و دەردەکرێن."
فەرەیدوون ئیبراهیم




