داعش دەڵێ نەبنە موسڵمان، دەتانکوژین.. ژمارەیەک ئێزدی لە چیای شنگال گەمارۆ دراون

شنگال-تایبەتKDP.INFO- نوێنەری کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشکرای کرد، داعش ھەڕەشەی کوشتن لە کوردانی ئێزدی دەکات ئەگەر نەبنە موسڵمان و هێشتایش چەندین ھاووڵاتییان کوشتوون.
نوێنەری کوردانی ئێزیدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ(سەیدۆ چەتۆ) بە KDP.INFOی راگەیاند: "دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی کوردانی ئێزدیدا گرت، لەئێستادا ھەڕەشەی کوشتن لە ئێزدیەکان دەکات کە ئەگەر نەبنە موسڵمان دەیانکوژن."
(سەیدۆ چەتۆ) گوتیشی: "لە کۆمەڵگای سیپا شێخ خدر، چەندین ھاووڵاتییان کوشتوون، لەبەر ئەوەی نەبوو موسڵمان."
نوێنەری کوردانی ئێزدی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ روونیشی کردەوە، "ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی ئێزدی لە چیای شنگال گەمارۆ دراون و پێویستیان بە یارمەتی ھەیە."
زیاتر گوتی، "ھەر ئەمڕۆ داعش چەندین مەزاری ئێزدیەکانی لە سنووری شنگال تەقاندووەتەوە."
(چەتۆ) ئاماژەیشی دا، "لەئێستادا ھێزێکی زۆری پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆئەوەی ھێرشی سەر داعش بکەن، بۆئەوەی ئەو ناوچانەی دەستیان بەسەرداگرتوون، کۆنترۆڵی بکەنەوە."
بڵند ئیبراھیم




