بانگهێشتكردنی وەزیری سامانە سرووشتییەكان بۆ پەرلەمان، موزایەدەی سیاسییە

هەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بانگهێشتكردنی وەزیری سامانە سرووشتییەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان موزایەدەی سیاسییە، ئەگەر نا تا ئێستا ئەو مۆڵەتەی بە حكوومەت دراوە، تەواو نەبووە.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (بەیار تاهیر دۆسكی) بە KDP.INFO-ی راگەیاند، "كاتێك وەزیری سامانە سرووشتییەكان هاتە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە قەیرانی بەنزین، رێك كەوتین كە لە ماوەی دوو مانگدا بەنزین بكرێتە ٨٠٠ دینار بۆ هەر لترێك، چونكە ساڵانە هەرێم نزیكەی ٣ ملیار دیناری بۆ سوتەمەنی تەرخان دەكرد و لە ئێستایشدا ئەو توانایەی نییە، بۆیە پێویستە دواتر هەوڵ بدرێت نرخەكەی كەمتر بكرێتەوە".
(دۆسكی) گوتیشی، تا ئێستا مانگێك بەسەر ئەو مۆڵەتەدا تێنەپەڕیوە كە پەرلەمان بە حكوومەتی داوە، كەچی لە ئێستادا هەندێك لایەن داوا دەكەن وەزیری سامانە سرووشتییەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت لەبارەی نرخی بەنزینەوە، كە ئەمەش موزایەدەی سیاسییە، پێویستیشە هەموو لایەنەكان بارودۆخی ئێستا و توانای ئابووریی هەرێم لە بەرچاو بگرن.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە وەكو كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو لایەنەكان بەپەرۆشترین بۆ ئەوەی نرخی بەنزین كەم بكرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەو دۆخەی ئێستای حكوومەتی هەرێمی تێدایە، لە بەرچاو بگیرێت".
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ئێستادا پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی مانگێك لە پشووی هاوینەدایە، بۆیە ناتوانێ كۆ ببێتەوە تاوەكو پشووەكەی بە كۆتا دێت.
بڵند ئیبراهیم




