٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: دەستبەسەرداگرتنی شنگال ڕاست نییە.. هێزێکی زۆر و بە چەکی قورسەوە گەیشتە ناوچەکە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.INFO- بەرپرسێکی پارتیی دیموکراتی وێڕای ڕەتکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی شنگال، ڕایدەگەیەنێت کە، بەو هۆیەی کە ناوچەی شنگال بە لای ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم ئامانجەکانیاندا، بۆیە گوشارێکی زۆریان بۆ ئەو ناوچەیە هێناوە و لە ئێستایشدا شەڕێکی قورس بەرپا بووە، بەڵام پێشمەرگە خۆڕگرانە بەرگری دەکات. گوتیشی لێرەو لەوێ بۆ دابەزاندنی ورەی پێشمەرگە هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دەبێ هەموو کوردستانیان لە هەر بەشێکی کوردستان باش بزان کە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و هەڕەشەیشە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە و لە هەر بارێکدا کاریگەریی بەسەر هەموانەوە دەبێ.

(عەلی عەونی) دەربارەی ئەو شەڕەی دوو ڕۆژە لە ناوچەی شنگال بەرپا بووە، بە KDP.INFO–ی ڕآگەیاند، "ڕاست نییە کە شنگال لە لایەن تیرۆریستانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)-ەوە دەستی بەسەردا گیرابێت، بەڵام گوشارێکی زۆر هەیە و شەڕێکی قورسیش لەو ناوچەیە بەرپا بووە.. پێشمەرگەیش خۆڕاگرانە و بە ورەی بەرزەوە بەرگری دەکەن."

(عەونی ) زیاتر گوتی، "ئەمە شەڕێکە و یەخەی گرتووین و دەبێ بیکەین، ئێمە بۆ پاراستنی خاکی خۆمان دەبێ لە تێکۆشان و بەرگریی بەردەوام بین.. لە ئێستایشدا هێزەکانی پێشمەرگە جارێکی دی لە دۆخی خۆڕێکخستنەوەدایە."

ئەو پێوەست بەو ئامانجەی داعشیش ڕوونی کردەوە کە، "خواستیان ئەوەیە ئەو سنوورەی نێوان ناوچە سوننەنشینەکان و سووریا و عێراق هەڵبگرن، دەیانەوێ ڕێگا بکەنەوە تا بە ئاسانی ئامانجەکەیان بە ئاکام بگات، بێگومان بوونی ئەو ناوچانەی کوردستانیش(زوممار و شنگال)، لە نەخشەی تیرۆریستیی ئەواندا بەربەستێکی گەورەیە، دیارە کە لەپێناویشیدا گوشارێکی گەورەیان دروست کردووە."

گوتیشی، "ئەمڕۆ هێزێکی زۆر بە سەرکردایەتیی فەرماندەی فەرماندەیی فەرماندەی هەردوو لەشکری یەک و گوڵان(مەنسوور بارزانی) و بە چەکی قورسەوە، گەیشتووەتە ناوچەکە و چاوەڕوان دەکرێت دۆخەکە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا یەکلا ببێتەوە."

دەربارەی ئەو چەکەی لەدەست پێشمەرگەیە و ئەگەری دابینکردنی چەکی زیاتر، ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت، "لە وەها دۆخێکدا و پاش شکستی سوپای عێراق، دراوسێیەکی نوێت هەبێت، پێویست بە خۆسازدانی زیاتر و خۆڕیکخستنەوە هەیە.. بە دڵنیاییەوە بە بەردەوامیی بەرگری هێزەکانمان پێویستیان بە چەکی زیاتر و نوێتر و قورستر هەیە.. هەر بۆ ئەم مەبەستە هەرێمی کوردستان داوای لە وڵاتانی زلهێز و بڕیاربەدەستانی جیهان کردووە، تا شەڕی تیرۆر بەر دەرگەی ماڵەکانی ئێوەیشی نەگرتووە، پێویستە لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆر هاوکاریی هەرێمی بکەن، لە ڕووی مەعنەوەی و هەم لە ڕووی سەربازییەوە."

زیاتر ڕوونی کردەوە، "چونکە داعش پاش شکست و پاشەکشەی سوپای عێراق، زۆربەی هەرە زۆری چەکە قورسەکانیان کەوتووەتە بەر دەست، لە هەندێ شوێن کە پێشمەرگە چەکی بەرانبەر یان قورسیان نییە، ڕەنگە لەو شوێنانە داعش بە ئاسانی تێیدا شکست نەبات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، پێشمەرگە بە باوەڕی پتەوەوە لە سەنگەرەکانی بەرگرییە و بەرەوڕووی هەڕەشەکانیان دەبێتەوە."

 

 

فەرەیدوون ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار