٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەولێر ئارامترین جەژنی بەڕێ كرد پۆلیس: لە جەژندا هیچ حاڵەتێكی تاوان تۆمار نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە سێ رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا هیچ حاڵەتێكی تاوان لە هەولێر و دەوروبەری تۆمار نەكراوە و ئەم جەژنەیش بە بەراوردی ساڵانی ڕابردوو، ئارامترین جەژن بووە.

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان)، لە لێدوانێكی تایبەدا بۆ kdp.infoگوتی: "لە هەرسێ رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا هیچ حاڵەتێكی تاوانی بچووك و گەورە لە هەولێر و دەوروبەریدا تۆمار نەكراوە و سەڕەڕای نیشتەجێبوونی سەدان هەزار ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان و مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراق لە هەولێر، ئارامترین جەژنمان بەڕێ كردووە".

لیوا (عەبدولخالق) ڕوونیشی كردەوە، ئەو پلانە ئەمنییەی بە هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە دایانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو و هەروەك چۆن هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدا گیانلەسەردەست خاكی پیرۆزی نیشتمان و گیانی هاووڵاتیان دەپارێزن، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش لە ناوەوەی شارەكاندا چاودێریی وردی دۆخی ئەمنی دەكەن و تا ئەوپەڕی لەخۆبوردوویی، دابینكردنی ئەمنیییەت و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بە ئەركی سەرشانیان دەزانن.

بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە سێ رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا كە زۆربەی هەرە زۆری دەزگا و دامەزراوە میرییەكان لە پشوودا بوون، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دەوامی ئاسایی خۆیان كردووە و بۆ پێشگیریكردن لە ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.

(عەبدولخالق تەڵعەت) هەروەها دەستخۆشی لە ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی‌ ناوخۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان كرد كە زۆر سەركەوتووانە ئەركی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە.

رۆڵی هاووڵاتیانیشی لە هاوكاریكردنی پۆلیس بەرز نرخاند و گوتی: "خۆشبەختانە هاووڵاتیان چاوكراوەن و دڵسۆزانە و لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە، لە كاتی بینینی هەر دیاردە و حاڵەتێكی نائاساییدا، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ئاگادار دەكەنەوە".

ئومێد پشدەری

هەواڵی پەیوەندیدار