٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە شەڕی زومماردا، ژمارەی کوژراو و بریندارانی داعش زیاتر لە 160ـە

سەرچاوە: KDP.info

زوممار-تایبەت بە KDP.INFO- بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار دەڵێت، ماوەی دوو رۆژە لە ناوچەی زوممار شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و داعشدا بەردەوامە و هێزی پێشمەرگە زیانێكی زۆر گەورەی بە داعش گەیاندووە كە تەنیا دوێنێ، داعش 160 كوژراو و برینداری هەبووە.

 

بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (ساڵح میرانی) بە kdp.info-ی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە داعش لە سنووری زوممار لە چەندین لایەنەوە هێرشیان كردووە و سەركەوتوو نەبوون و شكستیان هێناوە، چونكە هەموو هێزی خۆیان كۆ كردبووەوە و پیلانیان دانابوو كە زوممار و ئەو شوێنانەی مەبەستیان بوو بیانگرن، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە گورزێكی گەوریان لێ درا و هەموو هەوڵەكانیان شكستیان هێنا.

 (ساڵح میرانی)  ڕوونیشی كردەوە، شەوی رابردوو جارێكی دیكە داعش هێرشی كردە سەر بارەگای كۆنی فیرقەی سێی سوپای عێراق كە هێزی پێشمەرگەی تێدایە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و تاوەكو ئێستایش شەڕەكە بەردەوامە و لە ئێستادا شكستیان هێناوە كە تەنیا یەك وێستگەی كارەبایان بەدەستەوەیە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەویش لە دەست بدەن.

سەبارەت بە زیانەكانیش (میرانی) گوتی، زیانێكی گەورە بەر داعش كەوتووە، بە جۆرێك رەنگە یەكەم جار بێت ئەم جۆرە زیانەیان بەر كەوتبێت، چونكە تەنیا دوێنێ بەیانی نزیكەی 60 داعش كوژران و لە هێرشی ئێوارەكەیشدا نزیكەی 100 كوژراو و برینداریان هەبوو.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە زانیارییان بۆ هاتووە لە مووسڵ داعش هێندە كوژراو و برینداریان هەبووە كە لە نەخۆشخانەكاندا شوێن نەمابوو.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار