پەرلەمانتار نامێنێ و دەبێتە پێشمەرگە.. داوای لە سەرۆکی هەرێم کردووە، دەستەلەکارکێشانەوەی قبووڵ بکات

ھەولێر-KDP.INFO- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکات پلەیەکی سەربازی پێ ببخەشێت بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە و، دەست لە ئەندامەتیی پەرلەمان دەکێشێتەوە، تا بەرگری لە خاکی کوردستان بکات.
پەرلەمانتاری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان(ئاری ھەرسین)، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆئەوەی ڕەزامەندی لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی لە ئەندامەتیی پەرلەمان نیشان بدات و پلەیەکی سەربازی لە رێزەکانی پێشمەرگەدا پێ ببەخشرێت و بچێتە بەرەکانی شەڕەوە.
لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا (ئاری ھەرسین) بۆ kdp.infoگوتی، "من سوورم لەسەر ھەڵوێستەکەی خۆم، ئەگەر داواکارییەکەم قبووڵ نەکرێت، دیسان وەکو پێشمەرگەیەک دەچم دەبمە پێشمەرگە."
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، "بۆیە ئەو نامەیەم ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە، لەبەر ئەوەی بەرزترین دەستەڵاتە لە ھەرێمی کوردستان"، زیاتر گوتی، "پێویستە ھەڵوێستمان ھەبێت، بۆئەوەی بتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
ئەو دەڵێ: "من ناتوانم لە ماڵەوە بم و پێشمەرگەیش لە سەنگەرەکان بن، بۆیە دەمەوێ بچم ببمە پێشمەرگە و بەرگریی لە خاکی کوردستان بکەم."
دەقی نامەکە:
"ئازیز و بەرێزم سەرۆکی کوردستان مەسعود بارزانی
سڵاوی گەرم...
بە ندە ئاری محەممەد عەبدولرەحیم محەممەد ناسراو بە ئاری ھەرسین، داوا لە بەڕێزتان دەکەم کە پلەیەکی سەربازیم پێ ببەخشن لە ڕیزی ھێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە یان زێڕەڤانی. لە بەرامبەردا دەستلەکارکێشانەوەی خۆم وەک ئەندام پارلەمان، دەخەمە بەردەم بەڕێز سەرۆکی پارلەمان.
خۆ ئەگەر جەنابتان ئەم داواکارییەم قبووڵ نەفەرمون، ئەوا بەندە لە ڕێی ئەم نووسراوەوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەندامەتیی پارلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنم و، وەک پێشمەرگە دەچمە سەنگەرەکانەوە لە شنگالەوە ھەتا خانەقین.
رێز و خۆشەویستیم قبووڵ بفەرمون...
ئاری محەممەد ھەرسین
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و شەھید و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پارلەمانی کوردستان"
بڵند ئیبراھیم




