٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆیتەرز: کورد داوای چەکی لە ئەمەریکا کردووە.. بۆ تێکشکاندنی داعشە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  بەرپرسانی کورد و ئەمەریکایی دەڵێن، هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکان داوای چەکیان لە حکوومەتی ئەمەریکا کردووە و، ئەم پرسەیش لە میانەی سەردانی شاندێکی هەرێم لە سەرەتاکانی تەممووز بۆ واشنتۆن،خراوەتە بەر باس.

بەرپرسانی ئەمەریکایی دەڵێن، واشنتۆن لە پرسی پێدانی چەک بە هەرێمی کوردستان دەکۆڵێتەوە تا لە ڕێگەی چەکەکانیەوە بتوانن پارێزگاریی پێ لە خۆیان بکەن، بەڵام پێدانی چەک بە هەرێم بە هەمان ئەو شێوەیە دەبێت کە واشنتۆن داویەتی بە حکوومەتی بەغدا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی کوردەوە گوازتوویەتییەوە کە، هاوکاریی ئەمەریکا بۆ کورد دژبە چەکدارانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کە هەمان بەرنامەی ڕێکخراوی قاعیدەیان هەیە و دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی عێراقدا گرتووە، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت.

وەک ئەو ئاژانسە جیهانییە نووسیویەتی، جۆری ئەو چەکانەی کە خراونەتە بەر باس تا بدرێن بە هەرێمی کوردستان، بریتین لە تانک، زریپۆش و تۆپ و پێداویستیی وەک قەڵغان و کڵاوی گولـلەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنن.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە مەرجی ناونەبردنی ڕایگەیاندووە، "پێشکەشکردنی پشتیوانیی ئەمنی لە ڕێی بەرنامەی فرۆشتنی سەربازیی دەرەکی، دەبێ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەڵاتدارانی حکوومەتی ناوەند لە عێراق بێت."

ئەو بەرپرسە دەڵێت، "لە ڕابردوویشدا هەندێ هاوکاریی ڕاستەوخۆمان بە هێزە کوردییەکان داوە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ناوەند."

زیاتر گوتی "بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە، ئەمەریکا کارکردن لەگەڵ بەغدا و هەولێر، بۆ برەودان بە هاوکارییەکان لەسەر ئاستی ئەمنی بواری دیکە، درێژە پێ دەدات."

بەرپرسانی کوردیش دەڵێن، داوای بەدەستهێنانی چەک پرسێکی نوێ نییە و لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکاییدا خراوەتە بەر باس. ئەو بەرپرسانەی هەرێم ئاماژەیان بە تایوان داوە کە چین پێی وایە هەرێمێکی سەر بە خۆیەتی، بەڵام چەکیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکڕێت.

وەک ئەو ئاژانسە بڵاوی کردووەتەوە، ڕەنگە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ و بە فەرمی پێ فرۆشتنی چەک بە هەرێمی کوردستان ئەستەم بێ، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکایی دەڵێن، بە دوای دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکەوەن، تا توانای سەربازیی کورد هاوشێوەی بەغدا بەهێز بکەن.

بەرپرسێکی کورد کە نەیویستووە ناوی ببرێت گوتوویەتی، کورد ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە هەندێک لەو چەک و پێداویستیانەیان پێ دەگات کە لە 2011 لە پڕۆسەی کشانەوەدا ئەمەریکا لە پاش خۆی جێی هێشتبوون، بەڵام (مالیکی) نەیداونەتێ.

لە ساڵی 2003-وە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەهای 25 ملیار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ عێراقدا کرد بۆ مەشقپێکردن و بەرزکردنەوەی توانای سەربازیی سوپا نیشتیمانییەکەی، بەڵام جگە لە کەمێک مەشق و پێداویستیی سەربازی، کە زۆرینەیان وەک پێویست نەبوون بەر هێزەکانی پێشمەرگە کەوتوون.

 

سەرکەوت حەسەن

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار