35 كوردی شەبەك ڕفێندران.. ژن و منداڵیشیان تێدایە

مووسڵ–KDP.info-لە گەڕەكی جەزائیری ناو شاری مووسڵ چەكدارانی داعش 35 هاووڵاتی كوردی شەبەكیان ڕفاند کە ئافرەت و منداڵیش لەنێویاندا هەن.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەڕلەمانی عێراق و سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی شەبەك(مەلا سالم شەبەك) KDP.info–ی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ چەكدارانی داعش وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان كە دژی پێكهاتەكانی ناو شاری مووسڵ ئەنجامی دەدەن، هەستاون بە ڕفاندنی 35 هاووڵاتیی كوردی شەبەك كە پیاو و ئافرەت و منداڵن لە گەڕەكی جەزائیری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ."
سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی شەبەك گوتیشی، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییانە نادیارە، زیاتر دەڵێ، "ئێمە پێشتر داوامان لە سەرجەم هاووڵاتییانی شەبەك كردووە ئەوانەی لەو شوێنانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدا ماون، بەرەو ئەو شوێنانەی ئارامن و پێشمەرگە دەیانپارێزن بێن."
(سالم شەبەك) جەخیشی لەسەر ئەوە كردەوە: "لەو كاتەوەی داعش كۆنترۆڵی شاری مووسڵی كردووە تاكو ئێستا، 147 كوردی شەبەك ڕفیندراون و چارەنووسیشیان نادیارە."
نەشوان بەرزنجی




