ئاری هەرسین بێ زیان دەرچوو

جەلەولا-KDP.INFO- سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید ڕایگەیاند، لە کاتی سەردانیکرنیان بۆ سەنگەری ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکانیاندا تەقیوەتەوە، بەڵام ھیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان (ئاری شێخ محەممەد هەرسین) بۆkdp.infoی گوتی: "لە دوێنێوە بریارم دابوو لەگەڵ برایانی پێشمەرگەم و هاوشانی ئەوان لە سەنگەرەكانی پێشەوە جەژن بكەین و هاوخەمی برایانی پێشمەرگەم بم، بەڵام لە کاتی سەردانیکردنمان بۆ لای ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناو جەلەولا، بۆمبێکی جێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەمدا تەقییەوە، خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە و دەستبەجێش رووبەرووی چەكدارانی داعش بووینەوە كە لە نزیكی تەقینەوەكە بوون."
زیاتر گوتی، "بۆمبە چێندراوەکە بە مۆبایل تەقێندرایەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە سەلامەتین، سوپاسیش بۆ سایتیKDP.INFO." كە بەردەوام و گەرماوگەرم لەگەڵ رووداوەكاندایە."
(هەرسین) بە بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێ: "ئەم جۆرە شتانە من سارد ناكەنەوە.. من درێژە بە سەردان و مانەوەی خۆم دەدەم لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و هاوسەنگەری برایانی پێشمەرگەم دەبم."
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید گوتیشی: "ھێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدانە و لە ڕووی ورە و چەک و پێداویستییەکانی دیکەوە ئامادەن، ئێمەش وەكو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان، چیمان پێ بكرێت بۆ پێشمەرگە درێخی ناكەین."
فەرەیدوون ئیبراهیم




