٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمەریکا ڕێی لێ نەگرت.. نەوتی کوردستان لە تێکساس بەتاڵ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  بەرپرسێک دەڵێت، ئەو کەشتییە بارهەڵگرەی نەوتی کوردستانی گەیاندە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ئێستادا لە نزیک بەندەری چالڤستۆن لە ویلایەتی تێکساس بەتاڵ دەکرێت و بەرلەوەی ڕێ بدرێت نەوتەکە دابگیرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لایەن تیمی ئیشکگری کەناراوەکانی ئەمەریکاوە پشکێنراوە.

ئەو کەشتییەی کە ئاڵای دەریاوانیی مارشاڵی بەسەرەوە بوو، لە مانگی یۆنیۆ-حوزێران، بەندەری جەیهانی تورکیای بەرەو کەناراوەکانی ئەمەریکا لە دوورگەی مەکسیک جێ هێشت، ئەمە سەرباری ئەو ڕاڕاییەی واشنتۆن بەرانبەر بە فرۆشتنی سەربەخۆییانەی نەوتی کوردستان و ‌ەڕەشەکانی حکوومەتی عێراق.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆیتەرز، (ئاندی کەندریک) کە ئەفسەری دەریاوانییە، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە و پاش پشکنینی کەشتییەکە و چونکە کیشەیەکی ئەوتۆی نەبوو، بەتاڵکردنی نەوتی کوردستان دەستی پێ کردووە.

ئەو ئەفسەرە گوتیشی، هێزەکانی دەریاوانی، لەبارەی گەیشتنی ئەو کەشتییەوە، پێوەندی بە ئەنجوومەنی ئاساییش و وەزارەتی دەرەوە و ئاساییشی ئەمەریکاوە کردووە.

نەوتە بارکراوەکە نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل دەبێ کە لە ڕێی بۆرییە نوێیەکەی کوردستانەوە گەیەندرابووە بەندەری جیهانی تورکیا و نرخی جیهانییەکەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکاییە.

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار