٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی پەرلەمان: بڕینی مووچە، کاری نامرۆییانەی نووری مالیکییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە پەیامی جەژنانەیدا، سەرۆکی پەرلەمان داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پیاوانی ئایینیی عێراق دەکات کە، گوشار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەبڕێنی بودجەی هەرێمی کوردستان کە کاری نامرۆییانەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقە، هاوکات کار بکەن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتێکی نوێ بۆ پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

 

دەقی پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان(یووسف محەممەد سادق):

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم. هیوادارم هاتنی جەژنی ڕەمەزان، ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ کوردستان و ناوچەکە و، کۆتاییهاتن بە ناخۆشی و ئەو کێشە و قەیرانانەی ماوەیەکە باڵی بەسەر هەرێمەکەماندا کێشاوە و کاری کردووەتە سەر ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی کوردستان.

هاووڵاتیانی خۆشەویست..لەکاتێکدا هەموان پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین، پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی پارێزگاریکردنن لە خاکی کوردستان، بۆیە لێرەوە بە ناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستان و بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستانەوە، جوانترین سڵاو و پیرۆزبایی بۆ ئەوان و خێزانە سەربەرزەکانیان دەنێرم. سڵاو بۆ خێزان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانەی کە لەماوەی ڕابردوودا شەهید بوون، سڵاو بۆ ئەو پێشمەرگە گیانفیدایانەی لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستاندا بریندار بوون.

بە داخەوە جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بڕێنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراق، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، زەرەرمەندی یەکەمیش لێی فەرمانبەران و هاووڵاتیانی سادەن. بۆیە لێرەوە داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پیاوانی ئایینیی عێراق دەکەین کە گوشار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم کارە نامرۆییەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و، ڕەخساندنی دەرفەتێکی نوێ بۆ پێکەوەژیانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق.

دووبارە جەژنی هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدا بن.

 

 

یووسف محەممەد سادق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

27-7-2014

 

هەواڵی پەیوەندیدار