٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڵێن دراوە، مووچەی فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکان خەرج بکرێت.. سوتەمەنییان بدرێتێ و گەنمیشیان لێ وەربگیرێ

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.INFO-  شاندەکەی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ، پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق و گەڕانەوەیان لە بەغدا، دەڵێن، بەڵێن درا کە پاش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم خەرج بکرێ، سووتەمەنیشیان بۆ دابین بکرێ و گەنمیش لە جووتیاران وەربگیرێت.

شاندێک لە ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ(بەشار كیكی) و جێگر و 11 ئەندام و چەند لیژنەیەك وەك لیژنەی بارزگانی و پیشەسازی و سوتەمەنی و لیژنەی مافی مرۆڤ و ئاوارەكان سەردانی بەغدایان كرد و ڕەوشی ئەو شارە و یەكە كارگێرییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە 16 یەكەی ئیدارین، لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەكانەوە، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق كۆبونەوەیەیان خراونەتە بەر باس.

ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ(غەزوان داوودی) دەربارەی کۆبوونەوەکانیان بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند: "چەندین داواكاریمان خستە ڕوو، لە وانە مووچەی فەرمانبەران، پسولەی خۆراك و میزانیەیەكی تایبەت لە بودجە بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هەروەها ڕاگرتنی بۆردوومانی ڕەمەكیی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق كە زۆرتر هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی."

(داوودی) گوتیشی: "بەرپرسانی حكوومەتی عێراق بەڵێنیان بە ئێمە دا داواكارییەكانمان جێبەجێ بكەن، لەوانە دانی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای مووسڵ، راستەوخۆ دوای چەژن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بانكی بۆ دیاری دەكرێت و بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەکرێ، هەروەها دابینكردنی سووتەمەنی و چارەسەركردنی كێشەی پسولەی خۆراك و چارەسەركردنی كێشەی ئاو و كارەبا، كە داعش لەسەر ئەو ناوچانەی بڕیوە، هەروەها كێشەی جووتیارانیش كە بریاریان داوە سێ‌ شوێنی وەرگرتنی گەنم لە حەمدانیە و شێخان و تلكێف بكەنەوە."

ئەو ئەندامە ی  ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ زیاتر گوتی: "لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمان،‌ پشتیوانیی سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی كوردستانمان بەرز نزخاند كە چۆن لە سەرەتاوە و تا ئێستایش بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی خەڵكی شاری مووسڵیان كردووە."

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار