داعش دەستی بەسەر جەلەولادا گرتەوە.. لە ڕەبیعە، چوار پێشمەرگە کەوتنە بۆسەوە

هەولێر-KDP.INFO- بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، بە ھۆی چەند ھەڵەیەکەوە، ھێزی پێشمەرگە ئەو شوێنانەی دوێنێ لە جەلەولا دەستی بەسەرداگرتبوون، لە دەستی دانەوە و لەئێستادا کەوتوونەتەوە دەست چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕۆی داعش.
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە kdp.infoی راگەیاند: "دوێنێ ھێزی پێشمەرگە توانییان جەلەولا کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە جارێکی دیکە لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرایەوە."
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتیشی: "کشانەوەی پێشمەرگە دوو ھۆکاری لە پشتەوە بوون، یەکەم کاتێک کۆنترڵ کراوە لەلایەن پێشمەرگە دەبابەکان گەڕاونەتەوە و ھێزی پێشمەرگە وایزانیوە کە دەکشێنەوە، ئەوانیش کشاونەتەوە و، ھۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ھێزی جێگرەوە نەبووە بچێتە شوێنی ئەوان، چونکە ئەوانەی سەرکەوتنەکەیان تۆمار کردبوو زۆر ماندوو ببوون و پێویستیان بە ھاوکاریی بوو."
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین روونی کردەوە، "دوێنێ داعش شکستێکی زۆر گەورەیان برد و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ بریندار بوون و بەشێکیان ھێندە رایان کردبوو گەیشتبوونە سەعدیە."
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) زیاتر گوتی، "لە ئەنجامی شەڕی دوێنێدا، بە داخەوە ھەشت پێشمەرگە شەھید بوون و 16ی دیکەیش بریندار بوون، کە چوار لە شەھیدەکان لە دەست داعشدا ماون و لەئێستادا لە ھەوڵی ھێنانەوەی تەرمی ئەو چوار شەھیدەن."
لە لایەکی دیەکەوە و ئەمڕۆ هەینی، چوار پێشمەرگە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ دەوام و لە سنووری رەبیعە، کەوتوونەتە ناو بۆسەیەکی چەکدارانی داعشەوە و ھەرچواریان شەھید کران.
فەرماندەی فەرماندەیی سپیلک لیوا(عەبدوڵرەحمان کەورینی) بە kdp.infoی راگەیاند، "ئەمڕۆ چوار پێشمەرگەی ئێمە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ دەوام لە ڕێگە کەوتوونەتە نێو بۆسەیەکی داعشەوە و ھەر چواریان شەھید کراون."
(عەبدوڵرەحمان کەورینی) گوتیشی، "ئەو چوار پێشمەرگەکەیەی کە ئەمڕۆ شەھید کران، خەڵکی قەزای زاخۆن و تەرمی ھەر چواریشیان وەرگرتوونەتەوە."
بڵند ئیبراھیم




