٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێپێوانێکی بەرفراوان بۆ پشتیوانیی مەسیحییەکانی مووسڵ ساز درا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  بۆ ڕیسواکردنی کردە توندڕۆییەکان بەرانبەر بە مەسیحییەکانی مووسڵ، دامەزراوەکانی کڵێسا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لەگەڵیشیاندا زانایانی ئایینیی ئیسلام، ڕێپێوانێکی بەرفراوانیان بۆ بەردەم بارەگای یوئێن لە شارۆچکەی عەنکاوە ساز دا.

 خۆپێشاندەران کە لەبەردەم باڵاخانەی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کلدانی لە عەنکاوەوە بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڕۆیشتن، دروشمی سەرزەنشتکردن و ڕیسواکردنی دژبە گرووپی داعشی تیرۆریستیان دەگوتەوە.

لە ڕێپێوانەکەدا، زانایانی ئایینیی کریستیان، موەزیری گوازتنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و لایەن سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی مەسیحییەکان و هاوکات، زانایانی ئایینیی ئیسلام چوونە ڕیزی خۆپێشاندەرانەوە و خۆیان بە هاوبەش و هاوخەمی ئازارەکانی کریستیانەکانی مووسڵ زانی.

بە گەیشتنیان بۆ بەردەم بارەگای یوئێنیش، یادداشتێکیان خوێندەوە و تێیدا داوایان کرد کە سنوورێک بۆ ئەو بەڵا و ئازارە مرۆییانە کە دووجاری پێکهاتەی مەسیحییەکان بووەتەوە دابنرێت.

لە یادداشتنامەکەدا هاوکات داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد، بەرپرسارەتیی یاسایی و مرۆیی، هەروەها قەرەبووکردنەوەی زیانباران بگرێتە ئەستۆ.

داوایشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنی نێوخۆیی کرد، مەسیحییەکانی عێراق بپارێزن.

هاوکات داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد، هێزی چەکدار لە مەسیحییەکان پێک بێنن.

لەسەر حکوومەتی فیدراڵ پێویستە یاسایەک دەر بکات، مامەڵە بە موڵکی مەسیحییە ئاوارەبووەکانەوە قەدەخە بکرێت و ڕێوشوێنی یاساییش بگرێتە بەر تایبەت بکرێت بە کڕین و فرۆشتنی موڵک و ماڵیان.

لە یادداشتەکە داوایش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەناڵەکانی یوئێن و ڕێکخراوە نێوخۆییەکانیش کرا، پێداویستیی مرۆییان بۆ دابین بکرێ.

هەروەها داوا کرا تا کڵێسا و شوێنە کولتووریی و مێژووییەکانیان لە مووسڵ بپارێزرێت و هەر لە بەغدا داوا کرا کە مووچەی فەرمانبەرە ئاوارەبووەکان خەرج بکرێت.

داوایش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی بە ڕووی قوتابیان و مامۆستا مەسیحییە ئاوارەبووەکاندا بکەنەوە.

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار